یارمەتیدانی سێ دوکتوری بۆکانی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزی کرماشان

14:06 - 4 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ دوکتور خەڵکی شاری بۆکان وەکوو خۆبەخش و لە سەر ئەرکی خۆیان ماوەی یەک حەوتووە لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان خەرێکی چارەسەری پزیشکی برینداربووانی ئەو ڕووداوەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ دوکتوری خۆبەخشی کورد خەڵکی شاری بۆکان لە سەر ئەرکی خۆیان بە شێوەی خۆبەخش خەریکی تەداوی برینداربووان و بەرکەوتووانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشانن.

شوناسی ئەو سێ دوکتورە کوردە بە ناوەکانی \"ڕەزا سوڵتانی\"، \"شۆرش حەیدەری\" و \"سۆران غەفووری\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو سێ دوکتورە کوردە لە حەوتووی ڕابردوودا، وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک و لە سەر تێچووی خۆیان بۆ کڕینی دەوا و دەرمان بە شێوەی خۆبەخش سەرقاڵی چارەسەری برینی زامدارانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانن.

ئەو سێ دوکتورە خۆبەخشە گوندەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بەسەر دەکەنەوە و دەرمانی پێویست دەگەیەننە دەست نەخۆشەکان و چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکەن.

ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەر، بە هۆی هاتنی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە پارێزگای کرماشان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد برینداربوون و گیانیان لە دەستدا؛هەروەها هاووڵاتییانی دانیشتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەموو شارو ناوچەکانی کوردستان لە هەڵمەتێکی بێ وێنەدا دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی شتومەک و خواردن بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و لەو ڕێگایەشدا،
هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی ئەبووبەکر مەعرووفی لە کاتی گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوان گیانی لە دەستدا.