یادی هونەرمەند \"ئەرسەلان قانع زادە\" لەمەهاباد کرایەوە

15:47 - 31 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یاد و بیرئانینی کۆچی دوایی ئەرسەلان قانع زادە ئەو هونەرمەندە کوردەی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەشاری مەهاباد بە بەشداریی هونەرمەندان و چەندین گرووپی موزیک یادی ژەنیارێکی \"تمبک\" کرایەوە و رێز لەکار و بەرهەمەکانی گیرا.

لەو رێوڕەسمەدا گرووپی وەفایی، موکریان، شەونەم، هەروەها چەندین کەسایەتی ئەدەبیی و فەرهەنگی کورد بەشدار بوون.

\"28446.jpg\"
ئەرسەلان قانع زادە ژەنیاری سازی\" تمبک\"بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا
ئەرسەلان قانع زادە ژەنیاری ناسراوی خەڵکی شاری مەهاباد رێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەرێگەی نێوان تاران ــ کەرەج بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا.

سەلاح خزری هونەرمەندی ناسراوی کوردیش لەگەڵ ئەرسەلان بوو کە بە توندی بریندار ببوو، ئەو دوو هونەرمەندە کوردە بە مەبەستی بەشداریی لە کۆنسێرتی کامکارەکاندا ویستبوویان بگەڕێنەوە شاری مەهاباد.

قانع زادە یەکێک لەهونەرمەندانی ناسراوی شاری مەهاباد بوو و لەساڵی ٨٩ وە بە ئەندامیەتی ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان وەرگیرابوو.

ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن کاوە فەقی زادەوە دامەزراوە.

هەواڵی پێوەندیدار:
رووداوی هاتوچۆ دوو هونەرمەندی کوردی کردە قوربانی