یادی مامۆستا هێمن لە مەهاباد بەرز ڕاگیرا

15:55 - 29 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: یاد و وەبیرهێنانەوەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن شاعیری بە ناوبانگی گەلی کورد لە لایەن قوتابیان و ئەدیبانی ئەو شارە بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن موزەی مەفاخێری فەرهەنگی و هونەریی مەهاباد \"سەرای هێمن\"، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، ئەدیبان، هاووڵاتیان و ئۆگرانی ئەو شارە یادی ئەو شاعیرە کوردەیان بەرز ڕاگرت.

لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بە ڕێز و گەورەییەوە یادی ئەو شاعیرە گەورەیان بەرز نرخاند.

هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیران، ئەدیبان، هونەرمەندان و فێرخوازانی دامەزراوەی زمانی کوردیی سۆما یادی مامۆستا هێمن‌یان بەرز ڕاگرت.

لەو پێوەندییەدا، سەلاح پایانیانی، بەرپرسی موزەی مەفاخێر هونەرمەندانی مەهاباد، باسی لە تایبەتمەنیدییە ئەخلاقی، زانستی و ئەدەبییەکانی مامۆستا هێمن کرد و هەوڵ و زەحمەتەکانی ناوبراوی لە بواری هونەر و فەرهەنگی کوردەواری‌دا بە نرخ وەسف کرد.

هەروەها پایانیانی کە خۆی خاوەن ئیمتیازی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، ڕاگەیاند کە هەنووکە ئەو مووزەیە دەستی بە کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ژیاننامەی کەسایەتییە بەناوبانگ و بەرهەمەکانیانی کردووە و لە یەکەم هەنگاویشدا ژیان و بەرهەمە ئەدەبییەکانی وەرگێڕی ناوداری کورد محەممەد قازی‌یان دەست پێ کردووە و لە ئێستاش‌دا دەستمان بە کۆکردنەوە و شرۆڤەی بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار کردووە.

لە یادی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن‌دا هەروەها \"ڕەسووڵ کەریمی\" ناسراو بە \"سوتاو\" شێعری پێشکەش کرد.

محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراوبە ھێمن یان ھێمن موکریانی شاعیر، نووسەر و وەرگێڕیگەورەی گەلی کورد بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی، لە شاری مەھاباد سەر بە پارێزگای ورمێ لە دایک بوو و لە ژیانی پڕ بەرهەمی خۆیدا چەندین بەرهەمی بە ناوبانگی تۆمار کردووە.

شێعرەکانی هێمن گرێدراوی خۆشەویستی بە خاک و نیشتمانە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە شێعری هێمن لە ژیانی سیاسی و خەباتی نەتەوەی کورددا بگاتە لوتکە.

مامۆستا هێمن لە لایەن دکتور عەبدلڕەحمان قاسملوو بە شاعیری گەل ناسراوە.

\"\"
\"مراسمی
\"\"