یادی مامۆستا شەپۆل لە شاری سنە بەرز ڕاگیرا

21:23 - 22 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی دوکتور \"محەممەد ساڵح ئیبراهیمی\" ناسراو بە \"مامۆستا شەپۆل\" لە شاری سنە بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردان، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی دوکتور \"محەممەد ساڵح ئیبراهیمی\" لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی \"ئادان\"ی شاری سنە لە ساڵۆنی کۆبوونەوەکانی کتێبخانەی ناوەندی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، ژیاننامە و کەسایەتی دوکتور محەممەد ساڵح ئیبراهیمی لە لایەن ئازاد ئیبراهیمی و شایستە ئیبراهیمی(کچ و کوڕی) مامۆستا شەپۆل بە بەشداری بنەماڵەی ئیبراهیمی، پێشکەش بە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە کرا.

هەروەها، چەند کەسی دیکە وەک \"حەسەن گۆران، نجەمەدین دەرفش و ڕەحیم لوقمانی\" لە سەر مامۆستا شەپۆڵ چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە بە خوێندنی چەند شێعرێک لە لایەن شاعێرانی کورد، \"فەرید سەفاری (فەرید_ڕاژین)، هەڵاڵە سوهرابی، ناسر عەبدوڵلاهی و ڕاستین\"، کۆتایی پێهات.

دوکتور \"محەممەدساڵح ئیبراهیمی\" ناسراو بە \"شەپۆل\" ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد لەدایک بوو.

مامۆستا شەپۆل ٣٥ بەرهەمی لە چاپدراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن بۆ دەوڵەمەندیی هەرچی زیاتری کتێبخانەی کوردی.

مامۆستا شەپۆل ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی له تاران کۆچی دوایی کرد و بڕیاره له شاری مەهاباد به خاک بسپێردرێ.