لەسێدارەدانی ۲ کەس و مەترسیی جیددی لەسەر ژیانی ۱۰ کەسی تر؛ عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥، هەواڵدەریی «میزان»، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی دوو کەس لە خۆپیشاندەرانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی لە ئێسفەهان بە ناوەکانی عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدیی ڕاگەیاند. ئەم دوو کەسە بە تۆمەتی «سووتاندنی موڵکی گشتی» و تۆمەتبارکردنیان بە «کوشتنی چوار هێزی بەسیج» لە دۆسییەی ناسراو بە «مەیدانی عەلیخانیی ئێسفەهان» لە سێدارە دران.
ئاژانسی میزان بەبێ ئاماژەکردن بە ڕەوتی وردی پێڕاگەیشتنی دادوەری، ژمارە و چۆنیەتیی دانیشتنەکانی دادگا، چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی تۆمەتباران بە پارێزەر (چ پارێزەری دیاریکراو یان دەستنیشانکراو لەلایەن دادگاوە)، ئەگەری دەستڕاگەیشتنی پارێزەران بە دۆسییەکە، چۆنیەتیی بەرگریی تۆمەتباران لە دادگا و هەروەها مافی ناڕەزایەتیدەربڕین بە حوکمە دەرکراوەکان ــ لە کاتێکدا تەنیا لە ماوەی نزیکەی شەش مانگدا پێداچوونەوە بۆ دۆسییەی ٥٩ کەس کراوە و حوکمی لەسێدارەدان بە شێوەی بەکۆمەڵ و بەپەلە دەرکراوە ــ بە شێوەیەکی ناڕوون نووسیویەتی کە لەسەر بنەمای «دانپێدانانی تۆمەتباران و پێداچوونەوەی کامێراکانی شوێنەکە»، لە پێوەندی لەگەڵ «ئاژاوەگێڕیی توندوتیژ و چەکدارانە لە کوودتای ئەمریکی ـ سەهیۆنیستی لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤» بە ئامانجی «ڕووخاندنی ڕێژیم»، «دوو کەس لە هۆکارە زۆر توندوتیژ و بێبەزەییەکانی تاوانەکانی مەیدانی شەهید عەلیخانیی ئێسفەهان لە کوودتای بەفرانبار» بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە سێدارە دران.
عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی، دوو لاوی تەمەن ١٩ و ٢٤ ساڵان، لە تۆمەتبارانی دۆسییەی ناسراو بە «مەیدانی عەلیخانیی ئێسفەهان» بوون؛ دۆسییەیەک کە تێیدا ١٢ کەس لە خۆپیشاندەرانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کران و حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. حوکمی هەر ١٢ کەسەکە لە دیوانی باڵای وڵاتدا پەسند کراوە و لە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ەوە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی حوکمەکان کراوە. هەندێک لە مەحکوومکراوانی ئەم دۆسییەیە تەنانەت بە دوو یان سێ جار لە سێدارەدان مەحکووم کراون.
ئەم دۆسییەیە پێوەندیی بە کوژرانی چوار هێزی بەسیج لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە هەیە. کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دۆسییەیەدا، ٥٩ کەسی بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرد کە لەنێوانیاندا ١٢ کەس بە لەسێدارەدان مەحکووم کران. هەروەها ٢٣ کەس، سەرەڕای بێتاوانکردنیان لە تۆمەتە سەرەکییەکان، بە حوکمی زیندانیکردن لە نێوان ٥ بۆ ١٠ ساڵ مەحکووم کراون.
پێداچوونەوە بەم دۆسییەیە لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئێسفەهان بە سەرۆکایەتیی دادوەر «محەممەد بەراتی دەرچە» و بە ئامادەبوونی «محەممەد تەوەکولی»، ناسراو بە محەممەد وەکیلی ــ یەکێک لە دادوەرانی دۆسییەی «خانەی ئێسفەهان» ــ ئەنجام دراوە. تەواوی ڕەوتی پێداچوونەوە بەم دۆسییەیە لە سێ دانیشتنی یەک کاتژمێریدا بەڕێوە چووە و لە چوارچێوەی ڕەوتێکدا بووە کە بە تەواوی پێچەوانەی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە.
«کۆمیتەی بەدواداچوونی دۆخی دەسبەسەرکراوان»، ناوی ١٢ مەحکووم بە لەسێدارەدانی ئەم دۆسییەی بەم شێوەیەی خوارەوە ڕاگەیاندووە:
١ـ عەلیڕەزا سپاهی (لەدایکبووی ١٣٨٠) – مەحکووم بە چوار جار لەسێدارەدان
٢ـ ئەبوولفەزل سپاهی (لەدایکبووی ١٣٨٢) – مەحکووم بە سێ جار لەسێدارەدان
٣ـ عەلیڕەزا ڕەئیسی (لەدایکبووی ١٣٨٣) – مەحکووم بە دوو جار لەسێدارەدان
٤ـ قائیم حوسێنی (لەدایکبووی ١٣٨٤) – مەحکووم بە دوو جار لەسێدارەدان
٥ـ گوڵمحەممەد محەممەدی (لەدایکبووی ١٣٨١)، هاووڵاتیی ئەفغانستان کە بەپێی ڕاپۆرتەکان خۆپیشاندەرانی پەنا دابوون – مەحکووم بە دوو جار لەسێدارەدان (حوکمەکە جێبەجێ کرا)
٦ـ ئەمیرحوسێن سەفەری (لەدایکبووی ١٣٧٧) – مەحکووم بە لەسێدارەدان
٧ـ ئەمیرحوسێن مەلەکی (لەدایکبووی ١٣٨٥) – مەحکووم بە لەسێدارەدان
٨ـ عەلی دەشتی (لەدایکبووی ١٣٨٥) – مەحکووم بە لەسێدارەدان
٩ـ ئەمیرحوسێن ئیبراهیمی ئەنالۆجە (لەدایکبووی ١٣٨٥) – مەحکووم بە لەسێدارەدان
١٠ـ شێروین باقریان (لەدایکبووی ١٣٨٦) – مەحکووم بە لەسێدارەدان
١١ـ عرفان ئێسفەندیاری (لەدایکبووی ١٣٨٦) – مەحکووم بە لەسێدارەدان (حوکمەکە جێبەجێ کرا)
١٢ـ ئەبوولفەزل ئیبراهیمی (لەدایکبووی ١٣٨٦) – مەحکووم بە لەسێدارەدان
بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی، ١٠ کەسی تری مەحکوومکراوی ئەم دۆسییەیە هێشتا لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەداندان.
بە هەژمارکردنی لەسێدارەدانی عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی، لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە ماوەی چوار مانگدا لانیکەم ٢٣ خۆپیشاندەر لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لەسێدارە دراون. ناوی ئەم کەسانە بەپێی ڕیزبەندی بریتییە لە:
ساڵح محەممەدی، سەعید داوودی، مەهدی قاسمی، ئەمیرحوسێن حاتەمی، محەممەدئەمین بیگلەری، شاهین واحدپەرەست کلوور، عەلی فەهیم، ئەمیرعەلی میرجەعفەری، عرفان کیانی، ساسان ئازادوار، ئیبراهیم دەوڵەتئابادینژاد، مەهدی ڕەسووڵی، محەممەدڕەزا میری، محەممەد عەباسی، عەباس ئەکبەری فەیزئابادی، ئەشکان مەلەکی، مێهرداد محەممەدنیا، فەتحوڵڵا ئاوەری، جەواد زەمانی، ئەبولفەزل ساعدی، محەممەد ئەمینی دەهاقانی، عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی.