بەندیخانەی سەقز؛ ژیانی بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی کورد، دوای زیاتر لە ٣ مانگ مانگرتن لە خواردنی وشک لە مەترسییەکی جیددیدایە

18:47 - 28 پووشپەڕ 2726

٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ بێهزاد ڕەسووڵی، زیندانیی سیاسیی تەمەن ٤٣ ساڵانی خەڵکی سەقز و مەحکووم بە ٨ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، زیاتر لە سێ مانگە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دەرچوونی حوکمی بەندکرانەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردنی وشک. ڕاپۆرتەکان باس لە دابەزینی بەرچاوی کێشی ئەو بەندکراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز و نالەباربوونی دۆخی جەستەیی و دەروونیی دەکەن؛ بە شێوەیەک کە ژیانی لە مەترسییەکی جیددیدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: بێهزاد ڕەسووڵی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز بەند کراوە و زیاتر لە سێ مانگە لە مانگرتنی وشکدایە، لە دوێنێوە، ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، دۆخی جەستەیی بە شێوەی بەرچاو ڕووی لە خراپی کردووە. ڕێژەی شەکر لە خوێنیدا هاتووەتە خوار ٨٠، پەستانی خوێنی بە توندی دابەزیوە و گەیشتووەتە خوار ٥، کێشیشی بۆ کەمتر لە ٤٩ کیلۆگرام کەم بووەتەوە. ناوبراو دوێنێ لە کاتی خۆشۆردندا بووراوەتەوە و زیاتر لە کاتژمێرێک لەسەر زەوی کەوتووە، بەڵام هیچ کەسێک بەدواداچوونی بۆ دۆخەکەی نەکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە کامێراکانی بەندیخانەکە بە بینینی هەر جووڵەیەکی گوماناوی، هێزەکانی پاراستن دەنێرنە ناو بەندەکان. سەرەڕای ئەم بارودۆخە، ئەو هێشتا لەسەر بەردەوامبوونی مانگرتنەکەی پێداگرە و دەڵێت: «دەبێت تەرمەکەم لە زیندان ببەنە دەرەوە.»

بێهزاد ڕەسووڵی لە سەرەتای بانەمەڕی ١٤٠٥ـەوە، دوای دەرچوونی حوکمی ٨ ساڵ بەندکران، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم حوکمە دەستی دایە مانگرتن لە خواردنی وشک. کوردپا پێشتریش ڕاپۆرتی دابوو کە بە بەردەوامبوونی مانگرتنەکەی بۆ زیاتر لە دوو مانگ، کێشی لە ٨٠ کیلۆگرامەوە بۆ نزیکەی ٥٠ کیلۆگرام دابەزیوە. هەروەها بەهۆی بێوڵام مانەوەی ناڕەزایەتییەکەی بەرانبەر بە حوکمی بەندکرانەکە، جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی و مەرجە نامرۆییەکانی قۆناغی مانگرتنەکەی، لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی و دەروونیدا بووە و بەردەوامبوونی مانگرتنەکە دەکرێت ژیانی بخاتە مەترسییەوە.

بێهزاد ڕەسووڵی کە نزیکەی ساڵێکە دەسبەسەرە، سەرەتای بەهاری ١٤٠٥ و هاوکات لەگەڵ پچڕانی ئینتێرنێت، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «جەواد غەفاری» بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان» حوکمی ٨ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا و ئەم حوکمە لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، لە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤دا، کاتێک بۆ دیدار لەگەڵ منداڵە تەمەن بچووکەکەی لە دەرەوەی ئێرانەوە چووە ئێسفەهان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ئەو دوای زیاتر لە دوو مانگ دەسبەسەرکران و لێکۆڵینەوە لە ژووری تاکەکەسیی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئێسفەهان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرا.

ئەمە دووەم جارە کە بێهزاد ڕەسووڵی دەست دەداتە مانیگرتنێکی درێژخایەن لە خواردن. ئەو دوای ڕاگوێزرانی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز لە پاییزی ١٤٠٤دا، لە ناڕەزایەتیدا بەرانبەر بە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بێبەشکردنی لە ئازادیی کاتی، گوشارە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشکردنی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵە تەمەن بچووکەکەی، بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ لە مانگرتنی وشکدا بوو. لەو قۆناغەشدا ناوبراو ڕووبەڕووی دابەزینی بەرچاوی کێش و نالەباریی دۆخی جەستەیی و دەروونی بووەوە؛ بە شێوەیەک کە جارێک بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی «ئیمام خومەینی»ی سەقز لە دەرەوەی بەندیخانە ڕاگوێزرا.