٢٥ی نۆڤامبر، ٧ حاڵەتی ژن کوشتن و ٦٨ حاڵەتی خۆکوژی ژنان لە کوردستانی ئێران

12:36 - 6 سەرماوەز 2720

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ڕاپۆرتێکی جیاکاری_ئاماری بە خستنەڕووی ئاماری کوشتنی ژنان و خۆکوژیی ژنان لە سەرەتای ساڵی ی هەتاوی٩٩ هەتا ٢٥ی نۆڤامبر، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەخاتەڕوو.

ئەم ڕاپۆرتە تەنیا باس لەو حاڵەتانە دەکات کە لەم ماوەیەدا، لەلایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە تۆمار کراوە و لەلایەن کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە کە هەڵبەت ئاماری ڕاستەقینە، دەکرێت زۆر زیاتر لەم ئامارە بێت.

کوشتنی ژنان: ٧ حاڵەت

لە سەرەتای ساڵی ٩٩ی هەتاوی هەتا ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٠ی زایینی، کوژرانی ٧ ژن لە کوردستانی ئێران لە لایەن ئاژانسی کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە و لە کۆی ئەو ٧ کەسە بە ڕوونی هۆکاری کوژرانی "پەروین پاڵانی"، "نامووسـ"ـی بووە و حاڵەتەکانی دیکە ناڕوون یان بەهۆی توندوتیژیی بنەماڵەیی بووە.

"پەروین پاڵانی"، تەمەن ١٥ ساڵ، دانیشتووی گوندی "سلکنـ"ـی شاری تازاوای سەرپێڵ‌زەهاو، کە لە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوە بە دەستی براکەی کوژرا.

"سارینا غەفووری"، تەمەن ٢٥ ساڵ دانیشتووی شاری سنە کە لە ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕ لە ماڵەکەی خۆیاندا، لەلایەن براکەیەوە، هەڵواسرا.

"س.م"، تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی شاری "دەڕەشار"ی پارێزگای ئیلام، کە لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ، لە ماڵەکەی خۆیاندا، بە چەک بە دەستی براکەی کوژرا.

"فاتمە محەممەدی"، دانیشتووی "قەڵاشاهینـ"ـی شاری سەرپێڵ‌زەهاو، کە لە ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ، بە دەستی هاوژینەکەی لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کوژرا.

"پەڕەن قازی"، خەڵکی شاری "مەهاباد" و دانیشتووی شاری تاران، لە ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ، بە دەستی هاوژینەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا، بەهۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەوە، گیانی لەدەست دا.

"فاتمە هەواسی"، تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری "سەرپێڵ‌زەهاو"، لە ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانان، بە دەستی براکەی بە چەکی گەرم کوژرا.

"مریەم ئەتمانی"، خەڵکی "ورمێ"، لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، بە دەستی هاوژینەکەی ئاگری تێبەردرا و گیانی لەدەست دا.

"حەیات ئەمینی"، تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی "خۆشوڵان"ـی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، بە دەستی مێردەکەی لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

خۆکوژیی ژنان: ٦٨ حاڵەت، خۆکوژیی سەرکەوتوو: ٦٣ حاڵەت و خۆکوژیی ناسەرکەوتوو: ٥ حاڵەت

خستنەڕوو:

١٩ کەس لەو ژنانە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ و کەمترینیان ١٢ ساڵ بووە. ٢٨ کەس لەو ژنانە خێزاندار بوونە و ٢٥ کەسیان سەڵت و ئەوانی دیکە ناڕوونن. ٧ کەسیان قوتابی بوونە. ٩ کەسیان لە شوێنە گشتییەکان هەوڵی خۆکوژییان داوە بە تایبەتی خۆفڕێدانە خوار لە سەر بینا.

شێوازی خۆکوژیی ئەو ژنانە کە ڕوون بووتەوە:

خۆهەڵواسین: ٢٢ حاڵەت، خواردنی حەب: ١٠ حاڵەت، خۆسووتاندن: ٨ حاڵەت، خۆکوژی بە چەک: ١ حاڵەت، خۆخستنەخوارەوە: ٨ حاڵەت، خۆفڕێدانە ناو ڕووبار: ١ حاڵەت، لێدانی دەمار: ١ حاڵەت و هۆکاری ناڕوون: ١٧ حاڵەت.

هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنانەی کە ڕوون بووەتەوە:

کێشەی بنەماڵەیی: ٢٨ حاڵەت، هەژاری: ٨ حاڵەت، پێکهێنانی ژیانی زۆرەملێ: ٣ حاڵەت، خەمۆکی: ١ حاڵەت، نەبوونی مۆبایل بۆ بەشداریی لە وانە ئانلاینەکان لە کاتی کۆرۆنادا: ١ حاڵەت، وەرنەگرتنی دەرەجەی پێویست بۆ زانکۆ: ١ حاڵەت و دەسدرێژی و ئازاری جینسی: ١ حاڵەت.

جیاکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆکوژی ژنان بە پێی پارێزگاکان:

کرماشان: ١٣ حاڵەت، سنە: ٣٢ حاڵەت، ئیلام: ٦ حاڵەت و ورمێ: ١٧ حاڵەت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆربەی خۆکوژییەکانی ژنان کێشەی بنەماڵەیی بووە کە پلەکانی ١ و ٢یان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.

سەرەڕای ئەوەیکە لەم راپۆرتەدا، ئاماری خۆکوژی لە پارێزگای سنە، بۆ ژنان و پیاوان زۆر لەچاو پارێزگاکانی دیکە زیاتر بووە، بەڵام دەبێت بوترێ کە ئامری خۆکوژی لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام، لە پلەی یەکەمدا بوون و ئەمەش نیشان دەدات کە بە هۆی میدیایینەکردنی ئاماری خۆکوژییەکان لە ئێران و کوردستان بووە.

دەبێت ئەو راستییەش لە بەرچاو بگرین لە حکوومەتی ئێران لە بڵاوکردنەوەی ئاماری وردی خۆکوژییەکان خۆی دەبوێرێ و تەنیا بە ڕێژەی کەمبوون یان زۆربوونی خۆکوژییەکان، ڕادەگەیەنێ.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی جێگیری پزیشکی و تاقیکاریی رێکخراوی پزیشکیی داد(یاسایی)، خۆکوژی لە ساڵی ١٣٩٨ بە بەرئاورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٧، ٠.٨ زیاتر بووە کە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، زۆرترین ئاماریان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.

بەپێی ئاماری پزیشکیی دادی(یاسایی) و وەزارەتی بێهداشتیی ئێران، لە ساڵی ٩٧ ڕێژەی خۆکوژیی مێرمنداڵان لە ئێران ٢٠ لەسەد بووە. و هەروەها بەشی مێرمنداڵانی ئێران لە خۆکوژییەکانی لە ساڵدا، لەلایەن ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی، ٧ لەسەد، ڕاگەیەندراوە.

پەرەپێدانی خۆکوژی لەنێو مێرمندڵانی ئیران لەم ساڵانەی دواییەدا پرسێکیی جیددی بووە و تەنانەت ئەو مێتۆدانەی کە مێرمنداڵان بۆ خۆکوژی هەڵیانبژاردووە، خۆهەڵواسین لە شوێنە گشتییەکانەوە بگرە هەتا خۆفڕێدانە خوار لە بیناکان و سەر پردەکان، بووەتە کەڵکەڵەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی.

ئامادە کردنی: ئەوین مستەفازادە