٢٥ی نوامبر؛ ٦٨ حاڵەتی سەرکوت و توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان

15:44 - 6 سەرماوەز 2721

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە دژی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، لە ڕاپۆتێکی شیکاری_ئاماریدا، بە خستنەڕووی ئاماری توندوتیژی و سەرکوتی حکوومەتی لە ٢٥ی نوامبری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نوامبری ٢٠٢١، لە کوردستان دەخاتە بەر باس.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ٦٨ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی ژنانی کورد و بە تایبەتی سەرکوتی حکوومەتی دەکات؛

دەسبەسەرکردن: ٢٩ حاڵەت، مەحکووم بە زیندان: ٦ حاڵەت، بانگهێشتکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات: ٥ حاڵەت، دۆخی زیندانییانی سیاسیی ژنان لە زیندان: ١٣ حاڵەت، زیندانییانی سیاسیی لە زیندان: ٩ حاڵەت، ئێعدام: حاڵەتێک، برینداربوون بەهۆی تەقینەوەی مین: ٣ حاڵەت و گیانلەدەستدان بەهۆی هەڵەی پزیشکی: ٢ حاڵەت.

ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەلایەن "کوردپا" بڵاو دەبێتەوە.

بەپشتبەستن بە نەبوونی ئامارێکی ورد لەسەر بارودۆخی ژنان لە ئێران و بە تایبەت بوونی کەشی ئەمنییەتیی لە کوردستانی ئێران، ئەو ئامارە زیاتر لەم ئامارەیە و ئەم ڕاپۆرتە تەنیا باس لە کۆمەڵێک حاڵەت لە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان کورد دەکات کە لە میدیا جێباوەڕەکان بڵاو کراونەتەوە و کوردپا، ئەو ئامارانەی پشتڕاست کردووەتەوە.

خستنەڕووی حاڵەتەکانی پێشلکاریی حکوومەتی دژی ژنانی کورد

دەسبەسەرکردن: ٢٩ حاڵەت

لەو ماوەیەدا، ٢٨ ژن لە کوردستانی ئێران دەسبەسەر کراون.

هەروەها ژنێکی کورد کە پێشتر بە زیندان مەحکووم کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی دەسبەسەر و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزراوە. (فەرانەک جەمشیدی)

١٠ کەس لەو دەسبەسەرکراوانە لە شەپۆلی دەسبەسەرکردنی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، دەسبەسەر کرابوون. (دەریا تاڵبانی، ئەسرین محەممەدی، عەتیە ناسری، نازەنین ئەتابەکی، نەسرین یەزدانی‌پوور، فەریبا ئەحمەدی، ڕۆژین محەممەدپوور، ڤیان محەممەدی، ڕۆیا جەلالی و ئارەزوو مستەفایی)

لەو ژمارەیە، گوڵاڵە مورادی، سۆعدا خەدیرزادە و خەدیجە مێهدی‌پوور، هەتا ئێستا لە دەسبەسەریی کاتی دان و هەروەها سۆعدا دووگیانە.

دەسبەسەرکراوە کاتییەکان لە ئێران و کوردستان، پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران لە ناوەندی پارێزگاکان، بۆ لێپرسینەوە بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان، ڕاگوێزراون و لە زۆربەی کاتەکاندا، مانگێک یان چەند مانگ لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بەپێی یاسای نێونەتەوەیی و مافی مرۆیی، دەسبەسەرکراوەکان دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، بە تەواوی مافەکانی خۆیان بەتایبەت مافی پێڕاگەیاندنی تاوانەکانیان، دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبێت و دواتر ئازاد بکرێن، کە ئەڵبەتە لە ئێران هیچکام لەو حاڵەتانە لە بەرچاو ناگیردرێت، بەو هۆیەوە ئەم کەرەستە وەکوو سەرکوتە لە ڕیزی "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" بە ئەژمار دێت و کۆماری ئیسلامی، لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان وەکوو کەرەستەیەکی سەرکوت و ترساندن لە کۆمەڵگا، کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

هەروەها تەواوی حاڵەتەکانی دەسبەسەرکردن  لە ئێران بەهۆی بوونی بیروباوەڕی سیاسی و دژایەتیی حکوومەت، لە ڕیزی دەسبەسەرکردنەکانی مافی مرۆڤی و بان یاسایی دەژمێردرێت، بەوهۆیەوە کە دەسبەسەرکردنەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ڕوو دەدات و دەسبەسەرکراوەکان، پاش دەسبەسەرکردنیان بەبێ هیچ مافێک لەگەڵ "دۆسیەسازیی ئەمنییەتی" بەرەوڕوو دەبنەوە.

تۆمەتی‌وەپاڵدراوی ١٠ کەس لەو ژنانە بەم چەشنەیە:

٣ کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، کەسێک بە تۆمەتی بەشداری لە کۆبوونەوە نارەزایەتییەکان، ٤ کەس بە تۆمەتی گۆرانیبێژی و کەسێک بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێران.

هاوکارینەکردن لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەمەڕ سازکردنی دۆسییە بۆ باوکی (ناهید کەمانگەر)

تۆمەتی‌وەپاڵدراوی دیکە دژی ژنان، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکراون، دەکرێت ڕوانگەی ئەمنییەتی هەبێت.

بیاڤی چالاکانی ژنانی دەسبەسەرکراو:

زۆربەی ئەو ژنانە بە تایبەتی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان بووە کە لەو ڕاپۆرتەدا، باس لە بیاڤی چالاکیی ئەو کەسانە دەکەین.

٥ کەس لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، چالاکێکی کرێکاری، خوێندکارێک، ٣ چالاکی ژینگەیی، بنەماڵەی زیندانیی سیاسی و ٤ هونەرمەند (گۆرانیبێژ و ژەنیار)

ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و بەڕێوەبەرانی ناوەندە حکوومەتییەکان لە دەسبەسەرکردنی ژنان لە کوردستانی ئێران.

تەواوی ئەو ٢٧ کەسە لە ژنانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بووە.

چارەنووسی ٢٢ کەس لەو ژنانە و شوێنی ڕاگیرانی ١٤ کەس لە ژنانی دەسبەسەرکراو، ناڕوونە. هێرش  بۆ سەر ماڵ و پشکنینی ماڵی ٨ ژن، لێدان و توندوتیژی لە کاتی دەسبەسەری ٢ حاڵەت و هەروەها کەرەستەی کەسیی ٢ کەس لەو ژنانە لە کاتی دەسبەسەریدا، دەستی بەسەردا گیرابوو و مەحکووم بە زیندان: ٦ حاڵەت

لەو ماوەیەدا، ٦ ژنی کورد بە تایبەتی چەند کەس لە چالاکانی ژینگەیی و مەدەنی بە ١٨ ساڵ و ٨ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری و ٣ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، مەحکووم کراون.

٢٣ی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، فەریدە وەیسی، چالاکی مەدەنیی سنە، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی  و نە بۆ لە سێدارەدان" بە ساڵێک زیندان، بۆ ماوەی سێ ساڵ مەحکووم کرابوو.

 ٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، فەرانەک جەمشیدی، چالاکی ژینگەیی خەڵکی سنە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.

 ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، سنوور تەهارما، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی کوردستانی تورکیە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرابوو.

 ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، سومەیە کرێکار خەڵکی شاری ئیلام و دانیشتووی شاری تاران، بە تۆمەتی "بەشداری لە ئیدارەکردنی گرووپی نایاسایی و چالاکیی پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندان" مەحکووم  کرابوو.

 ٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ، ڕۆیا جەلالی، چالاکی ژینگەیی خەڵکی سنە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.

١٥ی  خەزەڵوەری ئەمساڵ، فاتمە کەریمی، خەڵکی ئیلام، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمەڵەی دژبەرەکانی ئێران" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

بانگهێشتکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات: ٥ حاڵەت

٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، شلێر قادرنژاد و مەهتاب قادرنژاد، خەڵکی گوندی "نەڵێوانـ"ـی شاری شنۆ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کرابوو و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

 هەروەها ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، ٣ کەس لە ئەندامانی گرووپی "بانوان گلاریس" بە ناوەکانی مەلێحە مواردی، سەمیرا فەرحناکی و ئیلهام یەزدانی‌پوور، بە تۆمەتی "تەکبێژی و سازکردنی کلیپ" لە لایەن پۆلیسی کۆمەڵایەتی کرماشان، بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

بارودۆخی نالەبار ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران: ١٣ حاڵەت

مانگرتنی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندان: ٤ حاڵەت

ڕاگواستنی زۆرەملێی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد: ٢ حاڵەت

پێشگیری لە هاتنە مەرەخەسیی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد: حاڵەتێک

پێشگرتن لە چاوپێکەوتنی ژنانی زیندانی لەگەڵ بنەماڵەکانیان: ٣ حاڵەت

نالەباریی بارودۆخی تەندروستیی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد: ٣ حاڵەت

ژمارەی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران: ٩ کەس

ژنانی زیندانیی سیاسی لە حاڵی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان: ٥ کەس

ناوی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد و ماوەی زیندانییەکەیان لە بەشی "فارسـ"ـی ئاژانسی کوردپادایە.

جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام:

ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، زینەب خودامورادی، تەمەن ٤٣ ساڵ خەڵکی شاری قوروە و دانیشتووی سنە، لە زیندانی سنە بە تۆمەتی "قەتڵ" ئێعدام کرا.

برینداربوون بەهۆی تەقینەوەی مین:

سێ ژنە هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی ئیلام و کرماشان، لە مانگەکانی خاکەلێوە و خەزەڵوەری ئەمساڵ، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.(کرماشان ٢ ژن و ئیلام ژنێک).

گیانلەدەستدان بەهۆی هەڵەی پزیشکی: ٢ حاڵەت

ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، منداڵێکی سنەیی بە ناوی "شنیان ڕەحیمی"  بەهۆی ناشارەزایی لە نەخۆشییەکە و لێدانی دەرزی بە هەڵە، گیانی لەدەست دا.

هەروەها ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ژنێکی دووگیان خەڵکی گوندی "زمێرانـ"ـی شاری جوانڕۆ بە ناوی "شەیدا عەبدی" بەهۆی خوێنبەربوون لە ئەنجامی هەڵەی پزیشکیی، گیانی لەدەست دا.

دەقی تەواوی ئەم ڕاپۆرتە لە بەشی "فارسیـ"ـی ئاژانسی کوردپادایە.

ئامادەکار: ئەوین مستەفازادە