٨ی مارس و تێڕوانێک بۆ بزووتنەوەی ژنان لە ئێران+وتوێژ

14:49 - 18 رەشەمه 2714

 

ئاژانسی کوردپا بە بۆنەی ٨ی مارسەوە لەگەڵ دوو کەس لە چالاکانی مافەکانی ژنان و دۆخی هەنووکەیی بزووتنەوەی ژنانی ئێران و چۆنیەتیی چالاکییەکانی ئەو بزاوتە، وتوێژێکی پێکهێناوە.
٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنانە. ئەو رۆژەش هەتا ئێستا لە ئێراندا بە فەرمی نەناسراوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و لە دوو خولی سەرکۆماریی ئەحمەدی‌نەژاد، بەهۆی سنووردار بوونی لە رادەبەدەر، دەستبەسەر کردن و سەرکوتی چالاکانی بواری ژنان، رێوڕەسمی تایبەتی بە رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان بەڕێوەنەچوو.

ئەو بزووتنەوەیە لە ئەمساڵدا و لەلایەن سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامییەوە لەگەڵ بەڵێنی بەرەوڕوو بوویەوەو کۆمەڵێک وادەو بەڵێنیی وەک کردنەوەی دۆخی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و هەتا بەشداری کردنی ژنان و رەخساندنی دەرفەتی بەرابەر، بەڵام بەهۆی هێندیک بەربەست و بڕیار و بڕیارنامەی جۆراوجۆر هیچکام لە بەلێنییەکان رەنگی کردەییان بە خۆیانەوە نەبینی.

رۆژی جیهانیی ژنان لە هێندێک لە ناوچەکان بۆن و بەرامەی سیاسیی خۆی لەدەست داوە، بەڵام بەهۆی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەم رۆژە، لایەنی سیاسی و مافی مرۆڤییەکەی بەرچاوترە.

بە پێی ئەو ئەسڵەی کە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا لە راستای وشیار کردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا جەختی لەسەر کراوە. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە سالی ١٩٧٥ی زاییینی‌یەوە ئەو رۆژەی وەکوو \"رۆژی مافەکانی ژنان و ئاشتیی نێونەتەوەیی\" ناوزەد کردووە و دوو ساڵ دواتریش (١٩٧٧) ئەو رۆژە واتە ٨ی مارسی وەکوو رۆژی جیهانیی ژنان لەقەڵەم داوە.

مێژووی ئەو رۆژە هاوکات لەگەڵ مێژووی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدژی هەڵاواردنە. مێژووی دەستنیشان کردنی ٨ی مارس بۆ رۆژی جیهانیی ژنان و خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنین لە ساڵی ١٨٥٧ لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.

ئاژانسی کوردپا لەو بارەیەوە لەگەڵ شەمزین جیهانی \"چالاکی مافی مرۆڤ لە بلژیک\" و ناهید حوسێنی \"چالاکی مافی ژنان\" لە ئاڵمان پرژاوەتە سەر رەوشی هەنووکەیی بزووتنەوەی ژنان لە ئێران.

کوردپا: دۆخی ژنان لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
\"25247.jpg\"

 

شەمزین جیهانی: تێکڕای ئەو ژنانەی کە ملکەچی رژیمی سەرکوتکەری دەسەڵاتی ئیسلامی نابن، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبنە بەشیک لە بزاوتی سەرتاسەریی ژنان

شەمزین جیهانی: بزووتنەوەی هەنووکەیی ئێران بزاوتێکی گشتگیر و سەرتاسەرییە، لێرەدا تەنیا مەبەست بزووتنەوەی چالاکانی ژن نییە، بەڵکوو تێکڕای ئەو ژنانەی کە ملکەچی رژیمی سەرکوتکەری دەسەڵاتی ئیسلامی نابن، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبنە بەشیک لە بزاوتی سەرتاسەریی ژنان، تەنانەت ئەو ژنەی دژبەری دەسەڵات، ئەگەر ژنێکیش بێت کە هیچ تێگەیشتنێکی فمینیستی لە مافەکانی ژنان نەبێت، یان تەنانەت ئەگەر ژنێکی نەخوێندەوار یان بە ماڵدارییەوە سەرقاڵ بێت، لە وڵاتێکدا کە سیستەم و نیزامی دیکتاتۆریی مەزهەبی و سیستەمی تیۆکراتیکی زاڵ دەسەڵاتێکی رەهایە، لە وڵاتێکدا کە تەنانەت هەناسە هەڵکێشانیش جۆرێک خەبات بۆ زیندوو مانەوەیە، لە ولاتێکدا کە رۆژ لەگەل رۆژ ئاماری لەسێدارەدان، ئەشکەنجە، زیندانی، دەستدرێژی، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، سانسۆری بیروباوەڕ، خۆکوشتن و خۆسووتاندن، پژاندنی ئەسید بە دەموچاوی ژنانندا، بێکاری و هەژاری، لەشفرۆشی، فرۆشتنی گورچیلە و هتد ... روو لەزیادبوون دەکات و هەموو شتێک رەنگی مەرگی گرتووە، کەوابوو هەر بزاوتێک بە پێچەوانەی سیاستەکانی دەسەڵات بێت، بە بەشێکی گرینگ لە بزووتنەوەی ژنان بە ئەژمار دێت.

کوردپا: ئەو بزاوتە بۆ بزووتنەوەی چالاکانی ژنانی کورد بە چ شێوەیەکە؟
شەمزین جیهانی: بێگومان ژنانی کورد لە دۆخێکی زۆر ئەستەم‌تر و دژوارتردان و زۆر لە دژوارتر لە دۆخی ئەو ژنانەیەوە کە لە ئێراندا لانیکەمی هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئیتنیکی، مەزهەبی و دژایەتیی ئاسمیلە بوون و تەنانەت چەندین داخوازیی سەرەتایی دیکە ئینسانیش وەکوو خوێندن بە زمانی زگماکی و هتد لە خەباتەکەدایە.

کوردپا: گوتاری بزووتنەوە لەم قۆناغەدا چییە؟ دەبێ ئەو بزاوتە لە نێوخۆ و دەرەوە بە چ شێوەیەک بێت کە کاریگەریی هەبێت؟
\"25248.jpg\"

ناهید حوسێنی: دروشمی ستراتژیی خۆی بۆ بە دەستەبەر کردنی بەرابەری پاراستووە. تایبەتمەندیی ئەو بزووتنەوەیە ئاشتیخوازبوونی داخوازییەکانیی ژنانی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکاندا بە داخوازییەوە بەرەوپێشەوە چوون

ناهید حوسێنی: بزووتنەوەی ژنان لە ئێران لە بزاوتی هێزە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەدەر نییە، هاوتەریب لەگەڵ ئەوان بەرەوپێشەوە دەچێت و لەگەڵ ئەوەشدا دروشمی ستراتژیی خۆی بۆ بە دەستەبەر کردنی بەرابەری پاراستووە. تایبەتمەندیی ئەو بزووتنەوەیە ئاشتیخوازبوونی داخوازییەکانیی ژنانی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکاندا بە داخوازییەوە بەرەوپێشەوە چوون. لە قۆناغێکدا دەنگدان، لە قۆناغێکدا بێدەنگی، بەرنگاربوونەوەی حیجابی زۆرەملی، هەوڵدان بۆ خویندن و کار و هەروەها وەڕێخستنی کەمپەینی جۆراوجۆربۆ گەیشتن بە خواستەکانیان لە پلان و بەرنامەی بەرەوپێشچوون و خواستەکانیاندا بووە.

ساڵی رابردوو پرسی تەناهیی نەتەوەیی بۆ ئەو کەسانە جیدی بوو، بە سەرنجدان بە پژاندنی ئەسید و هێرش کردن بە چەقۆ کە لە ئیسفەهان و جەهرۆم روویان دا. بەڕاستی ژنان هیچ چەشنە ئەمنیەتێکی گیانی‌یان نییە. هاتنی داعش بۆ ناوچە و هەڵسووکەوتی هۆڤانەیان، نە تەنیا ژنان بەڵکوو نەتەوە یەکگرتووەکانیشی ناچار بە هەڵوێست گرتن کرد و \"گوتاری رۆژ\"ی تایبەت بە ژنان، بۆتە پرسی ئاشتی و ئەمنیەتی ژنان. بە بڕوای من هاوکاریی بەرفراوانی لە ناوخۆ و دەرەوە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی گۆڕانکاری لە نێوخۆی وڵاتدا، من ئاواتم ئەوەیە چالاکی و هاوکاریی زیاتر لە نێو ژنانی نێوخۆ دەرەوەدا بەدی بکرێ.

کوردپا: بزووتنەوەی ژنان لە ئێستادا بە چ شێوازێک چالاکی دەکات؟
شەمزین جیهانی: هەروەها کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، بە بڕوای من ئەمڕۆ لە ئێران هەر چەشنە بزاوتێک لەلایەن ژنانەوە کە دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی زاڵدا هەبیت، بە بەشێکی دانەبڕا لە بزووتنەوەی ژنان دادەندرێت، ژنانیش لەنیوخۆ دەرەوەی ئیران بۆ دەستەبسەر بوونی مافی بی ئەملاوئەولا و دێمۆکراتیکی خۆیان بەردەوام لە هەوڵدان، لە رێگەی بەرێوەبردنی سمینار و ئەکسیۆنی جۆراوجۆر لە نیوخۆ و هەروەها لە وڵاتانی دیکەشدا چالاکی ژنان لە میدیاکاندا بۆ بردنەوەسەرەوەی ئاستی تێگەیشتنی ژنان، بەڕێوەبردنی رێورەسمی جۆراوجۆر سەبارەت بە مافی ژنان، دامەزراندنی \"ئین جی ئۆ\"ی جۆراوجۆر خۆی بینیوەتەوە. بە بڕوای من کە ژنانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو توانیویانە بۆ مافە دێمۆکراتیکەکانیان لە چالاکیدا بن، ئەگەرچی نرخ و تێچوویەکی ئێجگار قورسیان بۆ داوە، بەڵام هەتا ئیستا ماونەتەوەو ئەو بزاوتە بەردەوام دەبێت.

کوردپا: بەسەرنجدان بە سەرکوت و چوونە دەرەوەی زۆرێک لە چالاکانی ژنان لە ئیران، لەماوەی ساڵانی رابردوودا بزاوتی ژنان لە چوارچێوەی سنوورداری ئێراندا بە چ شێوەیەک چالاکاییان کردووە؟
ناهید حوسێنی: بزاوتنی ژنان هیچکاتێک تووشی نسکۆ نەبووە، رەنگە لە قۆناغێکدا کەمڕەنگ بووبێتەوە و لاواز بووبێت، بەڵام سەرلەنوێ و لە قالبێکی دیکەدا هەستاوەتەوە سەرپێ. رۆڵی ژنانی ئێرانی لە بزاوتی نێوخۆدا لە سالی ٢٠٠٩، بۆ هەموو کەس ئاشکرایە، بەڵام سەرکوتی توندی رژیم بووە هۆی ئەویکە ژمارەیەک لە ژنانی ئێران روو لە وڵاتانی دیکە بکەن و ببنە پەنابەر. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رەنگە لەنێوخۆدا بزاوتێکی گشتگیرمان نەبینیبێ، بەڵام کۆمەڵێک کەسی وەکوو نەسرین ستوودە، نەرگس محەمەدی و دایکی ستار بەهەشتی کە بوونەتە هێمای خۆراگری لە دژی رژیمی ئیسلامیدا، نابێ لەبیر بکەین کە هەرکام لەو ژنانە بە تەنیا رۆڵێکی ئێجگار بەهێزیان لە بەرەوپیشبردنی خەبات و بزاوتی ژناندا هەبووە. هاوکات ژمارەیەک لە چالاکانی ژنان لەدەرەوە پەویەندیی چڕوپڕیان لەگەڵ ژنە چالاکانی نێوخۆدا هەیە، هەنووکە زۆربەی چالاکییەکان لە چوارچیوەی کاری فەرهەنگی و نووسین‌دایە، بەڵام ءیمە بەردەوام هەواڵی نوێی بزووتنەوەی ژنانی نیوخۆ دەبیستین. بە رێکەوت نییە، کە هەر رۆژە و یاسایەکی نوێ بۆ سنووردارکردنی چالاکیی ژنان لە مۆسیقا و وەرزشەوە دەرئەچێت، ژنانی ئێرانی بونەتەوە سامانێکی کۆمەڵایەتی، کە لە دەرفەتی لەباردا سەرلەنوی خۆیان دەر ئەخەنەوە.

کوردپا: ئاخۆ دروشمی رۆحانی بۆ گرینگیدان بە ژنان لە کۆمەڵگەدا دەتوانێ بە کردەیی بکرێت؟
ناهید حوسینی: بەداخەوە حەسن رۆحانی بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی، نەیتوانی هیچ چەشنە گۆڕانکارییەک لە دۆخی ژناندا پێک بێنێت، رەنگە پژاندنی ئەسید بە دەموچاوی ١٧ ژندا لە ئیسفەهان و شڕ و پەتۆر کردنی ١١ کچە خویندکار لە جەهرۆم لە سالی رابردوودا و بە دوادانەچوونی لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو مەسەلەیە، مێژوویەکی روونە بۆ مەحکووم کردنی ماوەی دەسەڵاتداریی رۆحانی. راستییەکەی ئەوەیە کە دوو هێز بە شیوەی روون بۆ گەیشتن بە دەسەڵات پێکەوە لە حاڵی ململانێدان و بەردەوام لە رێگەی ئەو بەڵینیانەی کە داویانە، دەنگی ژنانیان کۆکردۆتەوەو و ئەمەش لە شێوازی خەبات خەڵکدا شتێکی نوی و نامۆ نییە.

کوردپا: ئاخۆ بزووتنەویە ژنان لە قۆناغێکی نوێدایە؟
شەمزین جیهانی: بەڵێ، بێگومان، بۆ نموونە هەتا چەند ساڵ لەمەبەر هێنانە بەرباسی هێزی بەرابەری نێوان ژنان و پیاوان زۆر دەگمەن یان هەر بەدی نەدەکرا و بە گشتی بزووتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی بردنە ژێر پرسیاری یاساکانی حکوومەتی دینی‌دا خۆی دەبینییەوە، بەڵام ئەمڕۆ زانیاری و تێگەیشتنی ژنان گەیشتۆتە ئاستێک کە لەم قۆناغە نوێیەدا، ژنان بەدەر لە خواستەکانیان بۆ ماف و رۆڵی بەرابەر لە تێکڕای بەستێنە سیاسی، ئابووری، کۆمەلایەتی و فەرهەنگییەکاندا، بەڵکوو ژنان بۆ مافی ئینسانیی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕەگەز و مافی لەبار بردنی منداڵ لە چالاکیدان.

کوردپا: بەربەستەکانی بەردەم ژنان لە ئیستادا چییە؟ خاڵی بەهیزی ئەو بزاوتە چییە؟
ناهێد حوسێنی: وا باشە لە پیشدا باس لە خاڵە بەهێزەکان بکەین. من لەو باوەڕەدام کە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران یەکێک لە بزاوتە بەهێزەکان لە ناوچەکەدایە، بزووتنەوەی ژنانی ئێران گوتارێکی سیکولاری هەیە و خوازیاری جیایی دین لە دەولەت ودەسەلاتە. خاڵی دووەمی بەهێزی ئەو بزاوتەی ژنان ئەوەیە کە فێر بوون کە هەڵ و دەرفەتەکان بقۆزنەوە، بۆ نموونە زۆرترین چالاکیی خوێندەکاران لە زانکۆکانی ئێراندا هەتا ئێستاش لەلایەن کچەکانەوە بەڕێوە دەچیت، سەرەڕای ئەوەشی کە لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد هەوڵ درا کە لە رێگەی سەهمیە بەندی و هەڵاواردنی رەگەزییەوە رێگری لە چوونی کچان بۆ زانکۆ بکەن، بەڵام ئەو هەوڵە رێگر نەبوو لە کچانی خویندکار بۆ چوونە نیو زانکۆ و درێژەدان بە چالاکی. سێیەمین خالی بەهێزیش دۆزینەوەی رێگەی نوێی خەباتی کچانە، بۆ نموونە شێوازی پۆشینی حیجاب، بۆخۆی شێوازیک ملنەدان بە دەسەڵات و یاساکانیەتی. بەڵام بەربەستەکانی بەردەم ژنان بە دوو شێواز دەکرێ شڕۆڤە بکرێن:
یەکەم ئەوەیکە دەگەرێتەوە سەر سیستەمی دەسەڵاتی ئیستا لە ئێران کە لەبەرچاونەگرتنی مافی بەرابەری ژن و پیاوە کە بۆ هەڵاواردنی رەگەزی دەگەڕێتەوە.
دووەم بەربەستیش پاراستنی نەریتە کۆن و دواکەوتووەکانە کە بەهۆی کۆمەڵگەی پیاوسالارانە لە تان و پۆی ژیانی پیاوان و تەنانەت ژنانی وڵاتی ئێمەشدا کاریگەریی هەبووە. فەرهەنگ‌سازی پرۆسەیەکە، گۆڕانکاری دێتە ئاراوە، ئەگەریش کەمێک وەدوا کەوتبێ، بەڵام ئەمجارە دەستکەوتەکان بۆ ئێمە نهادینە دەبن. پرسی شوناس گرێی چارەسەریی زۆرێک لە پرس و کێشەکانی ئەمڕۆیە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێک بۆ بەرنگاربوونەوەو خەبات بە دژی دواکەوتووییە کە بەختەوەرانە لە وڵاتی ئێمەدا بە باشی کەڵکی لە وەردەگیرێت.

کوردپا: گرینگ‌ترین خواستی بزووتنەوەی ژنان کە پێویستە باسی لەسەر بکرێت، لە ئێستادا چییە؟
شەمزین جیهانی: دەبێ سەرچاوەی کیشەکان لەنێو ببرێ، هەتا بەرە بەرە کێشەکانیش نەمێنن و لەنیو بچن، سەرچاوەو هۆکاری سەرەکیی کێشەی ژنان لە ئێران، دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران و یاسا دینییەکانی ئەو وڵاتەیە، ژنانی ئێران دەبێ رووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران یەکێک لە سەرەکی‌ترین خواستەکانیان بێت.

ئا: کۆچ