بۆکان؛ ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد سەرجەم سزای ۴ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

09:16 - 21 گەلاوێژ 2726

۱۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا «ڕەحیم شیلانی» و «ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد»، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان کە نزیکەی ۳ مانگ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون، لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتی «کڕین و فروشتنی ئامێری ستارلینک» سەرجەم سزای ۴ ساڵ بەندکرانی داسەپاویان بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی ڕابردوودا «ڕەحیم شیلانی» و «ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد» لەلایەن لقی دووهەمی دادگای سزادانی بۆکانەوە لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتی «کڕین و فروشتنی ئامێری ماهوارەی ستارلینک»، هەرکامەیان سزای ۲ ساڵ بەندکرانی داسەپاویان بەسەردا سەپێندرا.

لە ڕوانگەی یاساییەوە، سزادانی ئەم دوو هاووڵاتییە لێڵ و گ وماناوییە؛ ئەوان لە ۱۰ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کران، لەحاڵێکدا ئەو یاسایەی بۆ «قەدەغەکردن و سزادانی کڕین و فروشتنی کەلوپەلی ستارلینک» پشتی پێ بەستراوە، لە چوارچێوەی «گەڵاڵەی توندکردنەوەی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکان» لە جۆزەردانی ۱۴۰۴ پەسەند کرا و دوای پشتڕاستکردنەوە لەلایەن شۆرای نیگابانەوە بوو بە یاسا. کەواتە، ئەگەر کڕین و فروشتنی بانگەشەکراو پێش جێبەجێبوونی ئەم یاسایە ئەنجام درابێت، سەپاندنی بەسەر کردەوەی پێشوودا لەگەڵ بنەمای یاساییبوونی تاوان و سزا و قەدەغەبوونی نەگەڕانەوەی یاسا سزاییەکان بۆ ڕابردوو (عطف‌به‌ماسبق شدن) ناتەبایی دەبێت.

ڕۆژی هەینی ۱۰ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴، «ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد» کوڕی ڕەحیم، لەدایکبووی ۱۳۵۹، و «ڕەحیم شیلانی» کوڕی عوسمان، لەدایکبووی ۱۳۵۴، هەر دووکیان خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرانەوە.

٣ی خاکەلێوەی ۱۴۰۵، بە تێپەڕبوونی ۵۲ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، ئەوان دوای ئەشکەنجەی جەستەیی و لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکاندا، بۆ بەندیخانەی بۆکان گوێزرانەوە و دیسانیش ڕێگری لە ئازادیی کاتییان بە دانانی بارمتە کرا و چەند حەفتە بە چارەنوسی ناڕوونەوە لە بەندیخانەدا ڕاگیران.

کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ۱۴۰۵، «ڕەحیم شیلانی» و «ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد» هەرکامیان بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تۆمانی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.

لە ماوەی نزیکەی ۳ مانگی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدا، ئەم هاووڵاتییانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.