«چوونەژوورەوە قەدەغەیە»؛ ئەوین عەباسی وێنەگری کوردی بانەیی، بەم بەرهەمە گەیشتە ڕیزی دیارترین وێنەگرەکانی جیهان

09:38 - 21 گەلاوێژ 2726

۱۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ ئەوین عەباسی، وێنەگری کوردی خەڵکی بانە، بە بەرهەمێک لەژێر ناونیشانی «چوونەژوورەوە قەدەغەیە» گەیشتە قۆناغی کۆتایی یەکێک لە باوەڕپێکراوترین پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی وێنەگریی جیهان و ناوی لە نێوان ۴۱ وێنەگری سەرکەوتووی ئەم کێبڕکێ جیهانییەدا تۆمار کرا. پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی LensCulture ساڵانە بە بەشداریی دیارترین وێنەگرانی جیهان بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش سەدان هەزار وێنە لە وێنەگرانی ۱۲۴ وڵات و ۵ وشکارۆی جیهان لەم پێشبڕکێیەدا بەشدارییان کرد. دوای چەندین قۆناغی داوەری، تەنیا ۴۱ بەرهەم توانییان بگەنە قۆناغی کۆتایی (Finalist)ی ئەم ڕووداوە بەنرخە کە بەرهەمی «چوونەژوورەوە قەدەغەیە» لە ئەوین عەباسیش لە نێوان ئەم بەرهەمە هەڵبژێردراوانەدا جێگەی گرت.

ئامادەبوونی وێنەگرێکی کورد لە نێوان فیناڵیستەکانی ئەم ڕووداوە نێودەوڵەتییەدا، دەستکەوتێکی بەنرخ بۆ وێنەگریی کوردییە و هونەرێکە کە لە بانەوە گەیشتووەتە کێبڕکێیەکی جیهانییەکان.

LensCulture یەکێک لە پلاتفۆرمە ناسراوە نێودەوڵەتییەکان لە بواری وێنەگریی هاوچەرخدایە کە پێشبڕکێکانی جۆرێکی بەربڵاو لە وێنەگری، لەوانە بەرهەمە بەڵگەنامەیی و کۆمەڵایەتییەکان، پۆرترێت، هونەری هاوچەرخ، پرۆژە چەمکییەکان و گێڕانەوە کەسییەکان دەگرێتەوە و بە مەبەستی ناساندن و پشتیوانیکردن لە وێنەگران و بەرهەمە سەرکەوتووەکان بەڕێوە دەچێت. بەرهەمەکان لەم کێبڕکێیانەدا لەلایەن دەستەی داوەرانی پێکهاتوو لە کیوریتۆرەکان، سەرنووسەران و پسپۆڕانی پیشەییی بواری وێنەگرییەوە پشکنین و هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت و فیناڵیستەکانیش دەرفەتی ناساندنی بەرهەمەکانیان بە بەردەنگەکان و چالاکوانانی پیشەییی وێنەگری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەست دەکەوێت.