٣٦ی زیندانیی سوننی مەزهەب مەترسی ئێعدامیان لەسەرە

16:37 - 12 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: گاردی لیباس ڕەشەکانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، هێرشیان کردۆتە سەر زیندانییە سوننی مەزهەبەکان و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژ، گاردی لیباس شەخسییەکانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، هێرشیان کردە سەر زیندانییانی سوننی مەزهەبی مەحکووم بە ئیعدام و ژمارەیەکی بەرچاویانی بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.

ئەوە زیندانییانە لەلایەن گاردی زیندانەوە بە دەست و پێی بەستراو و بە گرتنە بەری ڕێوشوێنی توندی ئەمنیەتی، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هیرشی گاردی زیندان، پاش بڵاوبوونەوەی فیلمی دانپێدانانی چەند زیندانی لە ژێر ناوی \"لە قوڵایی تاریکی\"دا ڕوویداوە.

زۆربەی ئەو زیندانییانە بە ئێعدام مەحکووم کراون و حوکمەکەیشان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ئەگەری ئیعدام کردنیان جیدییە.

لە نێو زیندانییانی سوننی مەزهەبی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا، چەند زیندانییەکی کوردیش بەرچاو دەکەوێت.

پێشتریش ‌هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە دۆخی نالەباری زیندانیانی پەیڕەوی مەزهەبی سوننه لە ئێران کردبوو، کە ئەو زیندانییانە لە بارودۆخێکی ناڵەباردا ماوەی سزاکەیان تێدەپەڕێنن و بە شێوەی بەردەوام لە لایەن مەئموورانی زیندانەوە، بە هۆی بیروباوەڕیانەوە بێ‌ڕێزییان پێ دەکرێت.

لە حاڵی حازردا، ٣٦ زیندانیی عەقیدەتیی سوننی مەزهەب لە ساڵۆنی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە ژێر سزای ئیعدامدان.