٦٣%ی بێکارانی ئوستانی ئازەربایجان لە چینی خوێندەوار پێک دێت

22:55 - 29 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٦٣%ی خوێندکارانی ناوەندە باڵاکانی رشتەی زانستە مرۆییەکان لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە رێزی حەشیمەتی بێکاری ئیراندا جێیان گرتووە.

بەرپرسی رێکخراوی \"فەنی و حیرفەیی\" ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاند: \" ٦٣%ی خوێندکارانی ناوەندە بالاکانی رشتەکی زانستە مرۆییەکان لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بێکارن و ٣٨%ی ئەو رێژەیە هیچ چەشنە لێهاتوویی و لێوەشاییەکیان لە بواری فەنی و حیرفەییدا نیە و هەر بۆیە بازاڕی کار توانای راکێشانیانی نییە.

جەمشید ئەسعەدی بەرپرسی رێکخراوی فەنی و حیرفەیی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی رایگەیاندووە، چوونەسەرەوەی نرخی بێکاری پەیوەندی بە رادەی ئۆرگریی لاوان بە خوێندن لە ئاستی زانکۆکاندا هەیە،
ناوبراو راشیگەیاندووە، ٦٣%ی بێکارانی ئەم ئوستانە خاوەن بڕوانامەی زانکۆکانن و پێویستە بۆ دابەزینی نرخی بێکاری، فەرهەنگی فێربوونی زانستە فەنی و حیرفەییەکان گەشە پێبدەین.

ئەسعەدی لە سمینارێکدا کە بەبۆنەی حەفتەی لێوەشاوەییەوە بەرێوەچوو، رایگەیانبوو، بەمەبەستی پێکهێنانی ئیدە و توانا لە نێوان چینی لاواندا و هەروەها ئاشنابوونی لاوان لەگەڵ رەهەندە ئابوورییەکان پێشانگەیەکی تایبەتیی بەڕێوە دەبەین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردبوو، خولەکانی فێربوونی زانستە فەنی و حیرفەییەکان لە شوێنەکانی وەک:\"کەمپەکانی وەلانانی ئێعتیاد، کارگە بچووکەکان و ناوەندە دەرمانییە زۆرەملییەکان بەڕێوە دەچن.

بەرپرسی رێکخراوی فەنی و حیرفەیی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوش کردووە: نرخی بێکاری لە ئێران دا ١٥.٥% ـە، واتە لە ٤٥ هەتا ٥٠ میلیۆن حەشیمەتی چالاکی وڵات، ٤ هەتا ٥ میلیۆن کەس بێکارن کە ٥٢%ی ئەم رێژەیە هیچ چەشنە شارەزاییەکی فەنی و حیرفەییان نیە،ئەوەش لەحالێک دا کەلە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا تەنیا ٣٨%ی کەسانی بێکار هیچ چەشنە شارەزاییەکی فەنی و حیرفەییان نییە.