كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی ئێران كوژرا

18:30 - 9 رەشەمه 2711
كوردپا: كاتژمێر 3ی شەوی 8 لەسەر 9ی رەشەممە لە ئەنجامی هێرش و دەستڕێژی هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر كۆمەڵێك كۆڵبەری كورد لە سنووری مەریوان، كۆلەبەرێكی دیكەی كورد گیانی لێ‌ ئەستێنرا.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مریوان، كۆڵبەرێكی كورد بەناوی ئیبراهیم راستی كوڕی رەحیم تەمەن 24 ساڵ خەڵكی گوندی \"سەردۆش\" لە نزیك گوندی \"دۆڵەبی\" لەسەر سنووری مەریوان و هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و گیانی لێ‌ ئەستێنراوە.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە، كە تەرمی ئەو كۆڵبەرە كوردە بۆ نەخۆشخانەی مەریوان راگوێزراوە.

بەشێك دانیشتیوانی شار و گوندەكانی سەر سنووری ناوچە كوردنشینەكان لەبەر نەبوونی دەرەتانی كار و بە مەبەستی دابین كردنی بژیوی ژیان روو دەكەنە كاسبیی سەرسنوور و پیشەی پڕ مەترسیی كۆڵبەری هەڵدەبژێرن كە لەو رێگایەشدا زۆر كەس كەتوونەتە بەر تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و گیانیان لەدەست داوە.