كۆڵبەرێكی خەڵكی مەهاباد بەدەستی هێزە نیزامییەكان كوژرا

16:33 - 1 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: كۆڵبەرێكی تەمەن ٣٢ ساڵەی كورد لەناوچە سنوورییەكانی شاری پیرانشار و لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ‌ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی رابردوو رێكەوتی ٣١‌ی بانەمەڕ \"حوسێن پەرواز\" خەڵكی شاری مەهاباد، كە لەسەر سنوور سەرقاڵی كۆڵبەری بووە لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە كوژراوە.

\"20109.jpg\"
ئەو كۆڵبەرە كوردە لە نێوان میراوێ‌ـ پیرانشار و لەپشت ئاوایی \"چەكۆ\" دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلەو لە ەئنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە، تەرمی حوسێن رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە و لەنەخۆشخانەی شاری پیرانشار راگیراوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە خێزاندار و دوو منداڵ بوو، کە بەمەبەستی دابین کردنی بژێوی ژیانی رووی لەسنوورەكانی كوردستان كردبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٣وە هەتا ئێستا چوار كۆڵبەری كورد بەهۆكارەكانی تەقینەوەی مین، دەستڕێژی چەک و كەوتنە نێو ئاو بوونەتە قوربانی.

یەكێک لەو چوار هاووڵاتییە ناوی نەجمەدین سەعیدی تەمەن ٣٥ ساڵ كوری رەحیم و خەڵكی گوندی \"گردەسوور\"‌ی پیرانشار بوو كە بە هۆی راوەدوونانی هێزەكانی حكوومەتی ئێران هەڵدێرابوویە نێو چۆمی زێوكە و ماشكان‌ و دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ رۆژ لەو رووداوە هێشتا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.