كۆڵبەرێك: هێزی ئینتزامی بە زۆر بەڵێن‌نامە بە كۆڵبەرانی سەر سنووری مەریوان واژۆ دەكات

16:17 - 31 بانەمەڕ 2712
كوردپا: كۆڵبەرێكی كورد لەسەر سنووری مەریوان رایگەیاند: بۆ دووەمین جار هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زۆرەملێ‌ بەڵێن نامە بە كۆڵبەران واژۆ دەكات كە تێیدا هاتووە، هەر كەس نزیكی یەك كیلۆمیتریی سنوور بێتەوە، تەقەی لێدەكەن.

یەكێك لە كۆڵبەرانی كورد لەسەر سنووری مەریوان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا فەرماندەی پایگای هێزی ئینتزامی لە \"بەخشی سەرشیو و خاو و میراوا\" لەسەر سنووری مەریوان كۆبوونەوەی بۆ كاسبكاران و كۆڵبەران گرتووە و داوای لێیان كردووە، كە دەبێ‌ بەڵێن نامەیەك واژۆ بكەن كە تێیدا هاتووە، هەر كەسێك نزیكی یەك كیلۆمیتریی سنوورەكان بێتەوە تەقەی لێدەكرێ‌ و بەرەنجامەكەشی لە ئەستۆی خۆیە.

ئەو كۆڵبەرە كوردە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، وتیشی: ئەو فەرماندەیەی هێزی ئینتزامی وتوویە: \"تەنانەت ئەگەر كەسێك بە دیوی خاكی هەرێمی كوردستاندا نزیكی سنووری ئێران بێتەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژ و دەكوژرێت\".

گوندەكانی مەریوان كە نزیك سنوروری ئێران و هەرێمی كوردستانن بریتین لە: \"ئەسكۆڵ سەروو و خواروو، دەرەمەڕ، سیاناو پیرانی سەروو و خواروو، كانی‌كەوە، ساوجی، مێرگەدرێژ، قوڵقوڵە، خاو و میراوا و...\" لەلایەن هێزی ئینتزامیی ئەو ناوچەیەوە ئاگادار كراونەتەوە كە كەس بۆی نییە نزیكی سنوورەكان بكەوێتەوە لە ئەگەری ئەو كارەدا دەدرێنە بەر دەسترێژی گوللە.

لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا ئەمە دووەمین جارە لەلایەن هێزی ئینتزامیی سەرسنووری مەریوانەوە بەم چەشنە زەخت و گوشار دەخرێتە سەر كۆڵبەر و كاسبكارانی كورد.
ئەوە لە حاڵێك دایە كە بەشێك لە خەڵكی ئەو گوندانە بژێوی ژیانیان لە رێگای كۆڵبەری لەو سنورانە دابین دەكەن و لە هاوكات بەشێكی دیكە لەو خەڵكە لەو ناوچەدا سەرقاڵی ئاژەڵدارین و بەو هۆیەوە ناتوانن لەو شوێنانە ئاژەڵداری بكەن.
دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران بەهۆی نەبوونی دەرفەتی كار و بێدەرەتانی بە ناچاری بۆ بژیوی ژیانیان پیشەی پڕ مەترسیی كۆڵبەری هەڵدەبژێرن و زۆر جاریش لەلایەن هێزی نزیامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەدریچنە بەر دەستڕێژ و دەكوژرێن.