كۆڵبەریكی دیكەی كورد بە تەقەی راستەوخۆ گیانی لێ‌ ئەستێنرا

14:25 - 14 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆڵبەرێكی كوردی خەڵكی بانە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەمیر ئەحمەدی تەمەن 30 ساڵ و كوڕی شەریف لە سنوری \"هەنگەژال\"ی بانە بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست داوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە تەرمی ئەو هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەی شاری بانەیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی 13 رۆژدا 14 كۆڵبەری كورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت كوژراو و بریندار بوون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە 7 كۆڵبەر كوژراون و 7‌ی دیكەش بریندار بوون.