ئۆپۆزسیۆنی سووریە بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی لە تاراوگە کۆبوونەوە

02:03 - 15 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ یەکشەممە ٥٠ کەسایەتیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریه بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە \"دەوحە\" پایتەختی وڵاتی قەتەر کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی \"ئەلعەرەبیە\"، ئەو کۆبوونەوەیە بە مەبەستی رێکخستنەوەی سەرلەنوێی \"ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریە\"، پتەوتر کردنی ریزی ئۆپۆزیسیۆن و دامەزراندنی دەوڵەتێک لە تاراوگە بۆ دوای حکوومەتی سووریە پێکهاتووە.

هەروەها لەو کۆنفڕانسەدا گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی \"داهێنانی نەتەوەیی سووریه\" کە لەلایەن ٥٠ کەسایەتیی سیاسیی بەرچاو بە سەرۆکایەتیی \"ریاز سەیف\" یەکێک لە دژبەرانی ناسراوی حکوومەتی بەشار ئەسەد تاوتوێ کراوە.

لەو گەلاڵەیەی \"ریاز سەیف\"دا پێشنیار کراوە کە شوێنی بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی دژبەران لە \"عومان\" ی پایتەختی وڵاتی \"ئۆردۆن\" بێت.

\"میشل کیلۆ\" ئەندامی ئەنجومەنی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراتیکی سووریە و یەکێک لە بە پێشینەترین زیندانیی سیاسی دژبەری حکوومەتی سووریە وێڕای بەرز نرخاندنی ئەو کۆنفڕانسە، رایگەیاند: ئەو گەڵاڵەیەی \"ریاز سەیف\" هەنگاوێکی پۆزەتیڤە لە راستای کۆتایی هێنان بە پەرتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە: ئەو داهێنانە دەتوانێ دژبەران لە قۆناغی سەرلێشێواوی و دەستەوەستانیی سیاسی بگوازێتەوە بۆ قۆناغی پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتووی سووریه.

چاوەڕوان دەکرێ لەو کۆنفڕانسەدا لێپرسراوێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریه هەڵبژێردرێت.

رۆژنامەی \"شرق الاوسط\" ئاماژەی بە \"عەبدولباست سەیدا، بورهان غەلیوون و ریاز سەیف\" وەک ٣ کەسایەتیی سیاسی و ناسراوی سووریە کردووە کە ئەگەری ئەوە لەئارا دایە یەکێک لەو ٣ کەسە وەک بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریه هەڵبژێردرێت.

رۆژنامەی \"گاردیەن\"ی بریتانیا لە ژومارەی رۆژی شەممەی خۆیدا لەمەڕ گرینگیی ئەو کۆنفرانسە نووسیویەتی: ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی هەتا ئێستا لە ناردنی راستەوخۆی چەکو‌چۆڵ بۆ سووریە خۆیان بواردووە، بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەو کۆنفرانسە چەکوچۆڵی قورس دەدەنە دژبەرانی حکوومەتی سووریە.