كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆلی ورمێ‌ كۆتایی هاوینی ئەمساڵ، لە ورمێ‌ بەڕێوە دەچێت

20:36 - 9 بانەمەڕ 2712
كوردپا: بڕیارە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بە بەشداریی كۆمەڵێك لە توێژەران و زانایان و بیرمەندانی سەرانسەری جیهان، بە مەبەستی چارەسەریی كێشە و دەربازبوون لە قەیرانەكان كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆلی ورمێ‌ لە زانكۆی ئەو شارە بەڕێوە بچێت.

ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، ئەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە بە ئامانجی بردنەسەریی زانستی گشتیی و تەكنیكی و كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەكان و ناسینی كەندوكۆسپەكان و ئاراستەكردنی رێكار و رێگەچارە باشەكان بۆ باشتركردنی بارودۆخی دەریاچەی ورمێ ساز بكرێت.
بە پێی بانگەواوی \"كۆنفرانسی نێونەتەوەیی دەریاچەی ورمێ كەند و كۆسپ و قەیرانەكان، رێكارەكان\" 22 تەوەری پسپۆڕانە و زانستیی لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەم كۆنفرانسەوە بۆ دیاری كراوە كە لێكۆڵەران و شارەزایانی بوارەكانی ژینگە و ئاو و سەرچاوە سروشتییەكان و ئێكۆسیستەم دەتوانن وتارە زانستییەكان و بەرهەمەكانی خۆیان سەبارەت بەو تەوەرانە بۆ نووسینگەی كۆنفرانسەكە لە زانكۆی ورمێ بنێرن.

ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی كاریگەریی سورشتی و ناسروشتی و نەبوونی بەڕێوەبەرییەكی تۆكمە بە رێژەیەكی زۆر ئاوی گۆلی ورمێ‌ كەمی كردووە و ئەمەش بۆتە جێگای نیگەرانیی ژینگەپارێزان و خەڵكی ئەو دەڤەرە و هەر بەو بۆنەیەوە هاوینی ساڵی پار لە شاری ورمێ‌ و دەورووبەری خۆپیشاندانێكی بەرینی ناڕەزایەتیی خەڵك بەهۆی ئیعتراز بە كەمتەرخەمییەكانی حكوومەت بەو گۆلە بەڕێوە چوو.

گۆلی ورمێ بە گەورەترین سەرچاوەی ئاوی سوێر لە ئێران دێتە ئەژمار و درێژاییەكەی 140 كیلۆمیتر و پاناییەكەی لە نێوان 16 تا 63 كیلۆمیتر و لە گۆڕان دایە. پانتایی ئەو گۆلە بەپێی وێنەی مانگی دەستكرد لە ساڵی 1990 بە رێژەی 5 هەزار و 263 كیلۆمیتری چوارگۆشە بەراوەرد كرا، بەڵام رووبەری ناوەندیی دەریاچەكە نزیكەی 5 هەزار و 500 كیلۆمەتری چوارگۆشە بەراوەرد كراوە.

قووڵایی ئەو دەریاچەیە بە رێژەی مامناوەندی چوار میتر و نیو و بە لای زۆرەوە 13 مەتر لە ناوچەی باكوورییەكەی و رێژەی ئاوەكەشی 31 ملیارد میتری دووجایە.