كۆماری كوردستان یەكەمین ئەزموونی دەوڵەتێكی مۆدێڕن لەكوردستان

15:11 - 2 رێبەندان 2714
ئاژانسی کەردپا: ٦٩ساڵ بەر لە ئێستا لە رۆژی ٢ی رێبەرندانی ١٣٢٤دا كورد بە كردەوە هەنگاوی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت هەڵگرت، دەوڵەتێک كە تێیدا هەوڵی جێگر كردنی چەندین پرسی پێوەندیدار بە چارەنووسی كورد درا كە ئێستا بەشێك لەوڵاتانی جیهان كاری بۆ دەكەن.

لەو دەوڵەتی كۆماردا هەوڵی جێگیر كردنی پرسێك درا كە ئێستا وڵاتانی جیهان خەباتی بۆ دەكەن كە ئەویش ئازادیی رادەربڕین بوو. بەستێن، بۆشایی، ویستی خەڵك و دامەزرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، لە هۆكارە گرینگ و سەرەكییەكانی دامەزرانی كۆماری كوردستان بوون.

لە كۆماری كوردستاندا كە لەسەر دەستپێشخەری و لێهاتوویی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا كۆمەڵێك جیاوازی بەرچاوی لەگەڵ حكوومەتەكانی دیكە هەبوو یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی كۆمار راپەڕاندنی كارەكانی لەلایەن حیزبێكی سیاسییەوە بوو، سیستمەمی پەروەردە، سوپا، وەڕێخستنی رێكخراوی تایبەت بە ژنان و قوتابیان و لاوان، سروودی نەتەوایەتی، ئاڵای كوردستان و رێكخستنەوەی زمانی كوردی لەتایبەتمەندیەكانی دیكەی كۆماری كوردستان بوو.

ئەو كۆمارە لە بزاڤی نەتەوەیی ـ ناسیۆنالیستی كورد گرینگییەكەی تایبەتی هەیە و ئەو گرینگییەش دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەی دەوڵەت ـ نەتەوەیی بوونەكەی و هەر ئەو پڕۆژەیە كارێكی وای كردووە كە تەمەنی ئەو چەشنە رووداوە زێڕینانە لەگەڵ لاپەڕەكانی مێژوو ئاوێتەی یەكتر ببن و ببنە مێژووی هاوچەرخی كورد.

دانان و بەڕێوەبردنی سێ‌ دەسەڵاتی داد، بەڕێوەبەری و یاسادانان لەماوەی تەنیا ١١ مانگدا لە هەرە تایبەتمەندییە بەرزەكانی كۆماری كوردستان بوو كە هەر كام لەو سێ‌ ناوەندە بە شێوەی سەربەخۆ لە یەكتر كاری خۆیان جێبەجێ‌ دەكرد و دەزگاكانی داد، یاسادانان و بەڕێوەبەری بەشێوەیەكی سیستماتیك و بە بەرنامە دامەزرابوون كە دەستی دەوڵەتی ناوەندیان لە چەوساندنەوەی خەڵكی كورد كورت كردبوویەوە و شوێنەوارێك لە ستەمی نەتەوایەتی بەدی نەدەكرا.

لەماوەی تەمەنی كۆماردا هیچ كەسێك لەسەر بیر و باوەڕی تایبەتی و تاكەكەسی زیندانی نەكرا و بنەماڵەكەی نەخرایە ژێر فشارەوە، لە كۆماردا بەڵێن درابوو كە خەیانەت هێڵی سوور بێت و ئەندامانی دامەزرێنەری كۆماری كوردستان كە پێشتر لە ئەندامانی \" كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان(ژ.كاف)\" بوون حەوت جار سوێندیان خواردبوو كە وەفادار بەو رێبازە بمێنەوە.

بەر لە كۆماری كوردستان كورد بە سەرنجدان بە ئەزموونەكانی پێشووی خۆی بەو ئاكامە گەیشتبوو كە بە بێ‌ رێكخراوێكی سیاسیی خەبات بەرەو پێشڤەوە ناچێ‌، \"ویلیام ئیگلتون\" لە كتێبی كۆماری كوردستاندا دەنووسێ‌: رۆژی ٢٥ گەلاوێژی 1321‌ی هەتاوی ( ١٦ی سێپتامبری ١٩٤٦) ژمارەیەك لە بنەماڵە مام ناوەندیەیكانی شاری مەهاباد كە لاوترین تەمەنی ١٩ ساڵ بوو و بە تەمەنترینیان ٥٠ ساڵ بوو لە دەورووبەری بەنداوی ئەو شارە لەسەر باسكردن لەكێشە و ئاریشەكانی بەردەم كورد كۆبوونەوە و هەر لەوێ‌ كۆمەڵەی \" ژكاف\"‌یان راگەیاند و دواتریش پێشوا قازی محەمەد پەیوەست بەو كۆمەڵەیە بوو.

مەرجەكانی بوون بە ئەندامی \"ژ.كاف\"
\"24330.jpg\"
Penasey Webe Lere Binuse
سوێند بخوا كە خەیانەت بە كورد نەكات
ـ بۆ رزگاریی نەتەوەیی تێبكۆشێ‌
ـ نهێنییەكانی كۆمەڵە نەدركێنێ‌
ـ هەموو پیاوێكی كورد بە برای خۆی و هەموو ژنێك بە خۆشكی خۆی بزانێ‌
ـ بەبێ‌ بڕیاری كۆمەڵە نەبێتە ئەندامی هیچ رێكخراوێكی دیكەوە
كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.کاف) بە گەورەترین و بە شكۆترین رێكخراوی سەردەمی خۆی دێتە ئەژمار كە توانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان هەتا رادەیەك رێكبخات و لەگەڵ پرسی ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری ئاشنایان بكات.

لەناو ژكافدا رۆژ لەگەڵ رۆژ هەستی نەتەوایەتی لەگەشە سەندندا بوو، بەڵام ئەندامانی ئەو كۆمەڵەیە هەستیان بەوەش دەكرد كە پێویستە بەرنامە و پڕۆگرامەكانیان بە رۆژ و مۆدێڕن بكەنەوە هەر بۆیە، لە رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٥دا حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لە ناخی بیر و هەستی ئەو كۆمەڵەیەدا هەڵقوڵی و گەشەی سەند و دواتریش بەرهەمی ئەو حیزبە سیاسییە كۆماری كوردستان بوو.

پێشەوا دامەزرێنەری كۆماری كوردستان

\"24329.jpg\"
قازی محەمەد مرۆڤێكی فەرهەنگ خۆشەویست و پیاوێكی مەند و قووڵ بووە، خۆش بەیانی، ئەدەب ، دۆستی ئەهلی راوێژ و خەباتكارێكی نیشتمانپەروەر لە تایبەتمەندیەكانی قازی محەمەد بووە.

لە زۆربەی وتارەكانی رۆژنامەی كوردستانی ئەوكات جێ‌ پەنجەی قازی محەمەد دیار و بەرچاوە و هیوای وابووە لە رێگای ئاشتییەوە كورد بە مافی خۆی بگا.

قازی محەمەد وەكوو سەركۆماری كوردستان لەشاری مەهاباد دەسنیشان دەكرێ‌ و دوای دامەزرانی كۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوای پێ‌بەخشراوە و ئەو ناوە هەتا ئێستاش لەنێو كۆڕ و كۆمەڵی خەڵك دا هەر باوە.

لە بەرەبەیانی ١٠ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی(٣٠ی مارسی ١٩٤٧) كە تەنیا چەند مانگێك لە نەمانی كۆماری كوردستان تێدەپەڕی، پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی(ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی(برای پێشەوا) لە سەر بڕیاری دەسەڵاتدارانی تاران لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد شوێنی هەڵكردنی ئاڵای كورستان لەسێدارە دران.

دواتر رۆژنامەنووسێكی دەرباری شا گێڕابوویەوە \"قازی ‌ئەو مردنەی بە سەركەوتن دەزانی و هەر بۆیە بە ٧ هەنگاو بۆ لای سێدارەكە رۆێشت، \"ئەو ٧ هەنگاوە بەنبیشانەی ٧ جار سوێند خواردن بووە كە خەیانەت بە نەتەوەی كورد نەكات\".