ئۆستانداری کوردستان، پێش بە داواکاری کرێکارانی ئاجۆر شێل دەگرێت

15:37 - 6 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ٣ساڵ لە داخرانی کارخانەی \"ئاجورشیل\"، ئۆستانداری سنە ئیزنی جێبەجێ کردنی حوکمی دادسەرای سنە و پێدانی حەقدەستی ئەو کرێکارانە نادات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٨ کرێکاری کارخانەی ئاجۆڕ شیلی سنە پاش سێ ساڵ لە داخرانی ئەو کارخانەیە، ئێستا حەقدەستییان پێنەدراوە.

ئەو کرێکارانە بۆ بە دەستهێنانی داواکارییەکانیان لە ئیدارەی کاری شاری سنە سکاڵایان تۆمار کردوە، بەڵام خاوەنکار لە دانی حەقدەستی کرێکاران خۆێ بوارد و لە کۆتاییدا پەروەندەکە رەوانەی دادسەرای سنە کراوە.

ئەوان دەڵێن: لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، چەندجارێک دادسەرای سنە حوکمی فرۆشتنی کەرەستەی کارخانەی ئاجوڕشیلی دەرکردوە، بەڵام ئوستانداری سنە پێشی بە جێبەجێ کردنی ئەم حوکمە گرتووە.

ئەو کارێکارانە بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکەیان، لە بەردەرگای کارخانە داخراوەکە و ناوەندە پەیوەندییدارەکان کۆبوونەوەیان بەرێوەبردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێکی ئەرێنییان لەلایەن بەرپرسانی ئەو کارخانەیە وەرنەگرتووە.

لەو پەیوەندییەدا دەوترێت: کارخانەی ئاجور شیل، لە ژێر چاوەدێری وەزارەتی ناوخۆ دایە و لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئۆستانداری سنە بە نوێنەرایەتی لەو وەزارەتخانەیە هەوڵی داوە تا لە جێبەجێ کردنی حوکمی فرۆشتنی ئەو کارخانەیە پێشگیری بکات.