ئۆرکێسترای ئێران بە بیانووی کێشەی ئابووری هەڵوەشێنرایەوە

14:48 - 7 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: بە وتەی کۆمەڵێک لە ژەنیارانی ئۆرکێسترای میللیی ئێران، پاش ٣ مانگ لە هەڵوەشانەوەی ئەو گرووپە، هەتا ئێستا هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.

ژەنیارانی ئۆرکێسترای ئێران لەبەر مەترسیی دەرکران کە نایەنویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە هەواڵدەریی کاری ئێران(ئیرنا)یان راگەیاندووە: ئۆرکێسترای مۆسیقای ئێران پاش کۆنسێرتی شیراز هەڵوەشێنراوەتەوە و ژەنیاران نزیک بە ٣ مانگە لە پرۆڤەکانی ئەو گرووپەدا ئامادە نابن.

هەروەها ئەو ژەنیارانە رایانگەیاندوە کە هیچ چەشنە ئەمنیەتێکی پیشەییان نیە، چونکە نە هیچ گرێبەستێکیان واژۆ کردوە و نە هیچ مووچەیەکیان پێدەدرێت و هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردوە کە بەرپرسانی حکوومەتی لەبەر نەبوونی بودجە توانایی دانی مووچەکانی ئەوانیان نیە.

ئۆرکێسترای مۆسیقای میللیی ئێران ساڵی ١٣٧٧ بە هاوکاریی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی دامەزراوە و ساڵی ١٣٨٨یش چالاکییەکانی راگیرا.

ئۆرکێسترای میللیی ئێران لەو ماوەیەدا دەیان کۆنسێرتی لە وڵاتانی وەک: \"سویس، کوەیت و چین\" و لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەڕێوە بردووە.

کێشەکانی ئۆرکێسترای مۆسیقای ئێران، پاش هەلوەشانەوەی کۆنسێرتی \"محەممەدڕەزا شەجەریان\" لەلایەن وەزارەتی ئێرشادەوە لە ساڵی ١٣٨٨ سەریان هەڵداوە و دواتر \"فەرهاد فەخرەدینی\" بەرپرسی ئۆرکێسترا، خۆی لەو بەرپرسایەتییە کشاندۆتەوە و بریاری داوە کە لەهەمبەر ئەو بابەتە بێدەنگی رابگەیەنێت.

کۆمەڵێک لە ژەنیارانی ئەو گرووپە رۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٩ لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاندبوو کە سەرلەنوێ دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە، بەڵام پاش دوو ساڵ هەوڵدان، ئەو ژەنیارانە هیچ ئاکامێکیان بەدەست نەهێناوە و دیسان تووشی کێشە بوونەتەوە.

گرێبەست و دانی مووچەکانیان تاکە داخوازی ئەوانە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی بەبێ گوێدان بە داواکانیان، ئۆرکێسترای ئێرانیان هەڵوەشاندۆتەوە.