تاران؛ سزای سێدارەی وریشە موادی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە

18:23 - 20 سەرماوەز 2725

١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ حوکمی لەسێدارەدانی وریشه مورادی، بەندکراوی سیاسی، بەهۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکان و ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنی یاسایی لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە.

مستەفا نیلی، پارێزەری ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە تۆڕی ئێکسدا ڕایگەیاندووە: "پاش پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانی پێداچوونەوە سەبارەت بە خانمی وریشە مورادی لە دیوانی باڵادا، بەهۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکان و ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنی یاسایی (تێنەگەیاندن لە تۆمەت و دەرکردنی حوکمی سێدارە لە قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن) دادنامەیەک کە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە دەرکراوە، ڕەت کرا و دۆسییەکە بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە سەرلەنوێ ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا."

هەڵوەشانەوەی ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکانی ئەم دۆسییەیە ڕاگەیەندرا.

وریشە مورادی(جوانا سنە) چالاکی کورد لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا و لە دەوروبەری سنە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

وریشە پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کۆتاییەکانی گەلاوێژی ١٤٠٢ بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا. ئەم ژنە پاش پێنج مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢، ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بە تۆمەتی "بەغی" بە سێدارە سزا درا.

ڕەزبەری ١٤٠٣، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لەگەڵ سێ بەندکراوی سیاسیی ئێتنیکەکانی دیکە، بە ناوەکانی مەحبووبە ڕەزایی، نەرگس محەممەدی و پەریوەش موسلێمی کە لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیرابوون، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا کە لەم دواییەندا لە دژیان کرابوویەوە سەرجەم بە ٢٧ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا دران.