جوانڕۆ؛ لەسەرکارلابردن و بێبەریکردن تا دۆسییەسازی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام» بۆ زەیتوون کەهزادینەسەب و مێهری خوسرەویزادە بە هۆی وتنەوەی سروودی "ڕێی خەبات"
 
            ٧ی خەزەڵوەری ۱۴۰٤؛ لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتی و ئیدارییەکان دژی مامۆستایانی کورد لە کوردستان، دوو مامۆستای ژنی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی زەیتوون کەهزادینەسەب(بەڕێوەبەر) و مێهری خوسرەویزادە(جێگری پەروەردەیی)ی قوتابخانەی کچانەی "فێردەوس" بە هۆی وتنەوەی سروودی "ڕێی خەبات" لەلایەن قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە، تووشی بانگکران، لێپرسینەوەی بەردەوام، دەرکردن لە بەرپرسایەتیی بەڕێوەبەری، کەمردنەوەی پلە، کامکردنەوەی مووچە و لە کۆتاییدا دۆسییەسازیی قەزایی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا و بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە، قوتابییانی قوتابخانەی "فێردەوس" بە بەڕێوەبەری و هاواهەنگیی ئەم دوو مامۆستایە سروودی "ڕێی خەبات"یان ئامادە کردووە. بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بانگکردن و لێپرسینەوەی بەردەوامی ئەوانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بەدواوە بووە. پاش ئەوە زەیتون کەهزادینەسەب و مێهری خوسرەویزادە لەگەڵ سزای ئیداریی وەک کەمکردنەوەی پلە، کەمکردنەوەی مووچە و قەدەغەکرانی بەرزکرانەوەی پلەی کار بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆتاییدا لقی ١ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری جوانڕۆ لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤، بە دەرکردنی بڕیاری کۆتایی دادگا، بۆ هەر دوو مامۆستاکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" دۆسییەسازییان بۆ کراوە و دۆسییەکە بۆ پێڕاگەیشتن ڕەوانەی دادگای ئینقلابی جوانڕۆ کراوە. ئەم تۆمەتە دەتوانێ سزای سێ مانگ هەتا یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بۆ هەر کام لەم مامۆستایانە بەدواوە بێت.
نموونەیەک لە بەڵگەی یاسایی "بڕیاری کۆتایی دادگا" کە ناو و تۆمەتەکانی ئەم دوو مامۆستایە تێدا نووسراوە، لەلایەن لاپەڕەی ئینستاگرامیی "دەنگی کرماشان"ەوە بڵاو کراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ زەیتوون کەهزادینەسەب کچی فەتحوڵڵا پلەکەی لە بەڕێوەبەرییەوە بۆ جێگریی قوتابخانە و نزیکەی چوار میلیۆن تمەن لە مووچەی مانگانەکەی کەم کراوەتەوە. هەروەها مێهری خوسرەویزادە، کچی یوونس لە جێگرایەتیی پەروەردە وەلا دەنرێت و ئێستا وەکوو مامۆستای پایە بە بێبەریبوونی تەواو لە بەرزکرانەوەی پلەی کاری و ئیداری درێژە بە کارەکەی دەدات. سەرەڕای ئەم گوشارانە هەر دوو مامۆستاکە ئێستاش لە قوتابخانەی "فێردەوس" درێژە بە وانەوتنەوە دەدەن.
"ڕێی خەبات" لە بەرهەمە حەماسییەکانە کە لە هزری کۆمەڵگەی کوردستاندا ماوەتەوە کە لە سروودی ڕووسیی "کاتیوشا" وەرگیراوە و نموونە کوردییەکەی لەلایەن شەهید "ئارام"ەوە ئامادە کراوە. تاکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان ئەم سروودەیان وتووەتەوە و لە ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکان و بۆنە گشتییەکانی خەڵکی کوردستاندا دەوترێتەوە.
سروودی «کاتیوشا» یەکک لە بەناوبانگترین سروودە ڕووسییەکانی سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەمە که بووەتە هێمای نیشتماندۆستی، ئەوین و وەفاداری. ئەمڕۆ ئەم سروودە هێمای هیوا و ئەوین لە ڕۆژە سەختەکان لە فەرهەنگی ڕووسی و جیهانە و بە زیاتر لە ٦٠ زمان وتراوەتەوە.
وتنەوەی ئەم سروود لەلایەن ئەم منداڵانەوە لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا لەلایەن شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە و نووسییان؛ "کچانی جوانڕۆ بە وتنەوەی سروودی "ڕێی خەبات" پەیامی بەرخودان، یەکیەتی و هیوا بە داهاتوویەکی دادپەروەرانەیان بە گوێی جیهان گەیاند."
قوتابخانەی کچانەی "فێردەوس" یەکێک لە قوتابخانە دەوڵەتییەکانی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشانە کە لە شەقامی "کاوات" و فازی یەکی فەرهەنگییانی ئەم شارە هەڵکەوتووە و دوو جێگری لە کادری پەروەردەیی خۆیدا هەیە.
رێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، حوکمدران و دۆسییەسازی دژی ئەم دوو مامۆستایە بە توندی مەحکووم دەکات و ئەمە بە نمونەیەکی ئاشکرا لە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین، چالاکیی فەرهەنگی و مافی پەروەردەی ئازاد لە کوردستان دەزانێت. وتنەوەی ئەم سروودە لە قوتابخانەیەکی کچانە کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە (جینایەتێک کە لەلایەن ڕێژیمی بەعسی عێراق و سەدام حوسێنەوە دژی خەڵكی کوردستان کرا و هیچ پێوەندییەکی بە کۆماری ئیسلامیەوە نییە" بووە، هەوڵێکی فەرهەنگی و وەربیرهێنەرەوەی بەرخودان و ڕەنجی خەڵکی کوردستانە نە نیشانەوەی "پڕوپاگەندە دژی نیزام". هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی، ئیداری و یاسایی لەگەڵ ئەم دوو مامۆستایە لە ڕاستیدا درێژەی سیاسەتی سەرکوتی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانە؛ سیاسەتێک کە بە بیانووگرتن لە هەر جوولەیەکی فەرهەنگی و هونەری هەوڵ دەدات دەنگی مامۆستایان، هونەرمەندان و چالاکانی فەرهەنگیی کورد کپ بکات و گۆڕەپانی پەروەردە و فەرهەنگ لە هەر چەشنە سەربەخۆیی و ئازادییەک خاڵی بکا.
کوردپا جەخت دەکاتەوە کە لە نەبوونی بەرنامەی فەرهەنگی و هونەریی سەربەخۆدا، ئازادیی فەرهەنگ و هونەریی کەمینە ژێرستەمەکان و لە دۆخێکدا کە ڕێوڕەسم و فێرکارییەکانیان بەشێوەی سیستماتیک بەپێی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی، کۆنتڕۆڵ دەکرێن، ئەم سەرکوتی مامۆستا و چالاکە فەرهەنگییانە وەک بەشێک لە سیاستی درێژەداری بەئیدئۆلۆژیکردنی قوتابخانەکان درێژەی پێ دەدرێ. ئەم جۆرە سیاسەتە نەتەنیا لەگەڵ ئازادیی چالاکییە فەرهەنگی، فێرکاری و هونەرییەکانی کەمینەکان دژایەتیی هەیە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێوەرەکان و ستانداردە مافی مرۆڤییە نێونەتەوەییەکانیش لەوانە مافی پەروەردە بە بێ هەڵاواردن و مافی ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکییە فەرهەنگییەکان، دژایەتی هەیە.
 
                             
                             
                            