موجتەبا کیان بە شێوەی نهێنی لە شوێنێکی نادیار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا

08:35 - 3 جۆزەردان 2726

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، موجتەبا کیان کوڕی محەممەدقولی، بە تۆمەتی "ناردنی زانیاریی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی کەرتی بەرگری بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل" بە شێوەی نهێنی لە شوێنێکی نادیاردا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا.

هەواڵدەریی میزان سەر بە هێزی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: پاش کردنەوەی دۆسییە و پێڕاگەیشتنی دادوەری لە دادگای پارێزگای ئەلبورز، پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە و بەپێی ڕێوشوێنی یاسایی، حوکمی سێدارەی موجتەبا کیان جێبەجێ کراوە.

ڕەوتی دەسبەسەرکرانی ئەم بەندکراوە هەتا جێبەجێکردنی سزاکەی کەمتر لە ٥٠ ڕۆژ درێژەی کێشاوە و سەبارەت بە ڕەوتی پێڕاگەیشتنی یاسایی و دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە پارێزەر، وردەکارییەک لەبەر دەستدا نییە و هەواڵدەریی دەزگای دادوەری ئاماژەی بە جێبەجێکردنی حوکمەکە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی وردی دۆسییەکە لە قۆناغەکانی دادگادا کردووە، بەڵام باسی لە هیچکام لە وردەکارییەکانی دادگاییەکان لەوانە ڕێکەوت، دۆخی دادگایی، لقی پێڕاگەیشتن، وردەکاریی ڕەوتی دادگاییکران و دانیشتنەکانی دادگا، شێوەی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەرگری لەخۆی نەکردووە.