كۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە شاری سەقز بەرێوە چوو

16:12 - 20 رەشەمه 2716
ئاژانسی كوردپا: زیاتر لە ١٠٠ مامۆستای سەقزی ڕۆژی پێنجشەمە ڕێكەوتی ١٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرامبەر بە٩ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، بۆ جارێكی دیكە لە بەردەم ئیدارەی‌ پەروەردە ‌و فێركردنی‌ ئەم شارە كۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، ئەم كۆبوونەوەیە لە كە لە حەوشەی‌ ئیدارەی‌ پەروەردە‌و فێركردن بەڕێوە چوو، بووە هۆی‌ ئەوەی‌ كە \"محەممەد بروومەند\" بەرپرسی‌ ئیدارەی پەروەردە ‌و فێركردنی‌ سەقز لە ژوورەكەی‌ بێتە دەرەوە ‌و لە جێی‌ ئەوەی‌ كە وەڵامی‌ داخوازییەكانی‌ مامۆستاكان بداتەوە، داوای‌ لە مامۆستایان كردووە كە بۆ بە دواداچوونی داواكارییە سێنفییەكانیان ڕەهەندی سیاسی بە خواستەكانیان نەدەن ‌‌و نەهێڵن خەڵكی‌ دیكە فیلمیان لێ هەڵبگرن.

هەواڵنێری كوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاندووە كە: \"ئەم كۆبوونەوەیە دوای‌ ٢ كاتژمێر بێ‌ ئاكام‌ مایەوە و بە دەستی‌ بەتاڵ ‌‌و بێ‌ هیچ هیوا و‌ ئۆمیدێك كۆتاییان بە كۆبوونەوەكەیان هێناوە\".

ئەم كۆبوونەوانە بە بەردەوامی‌ چەندین ساڵە درێژەی‌ هەیە‌ و هیچ ئاكام ‌و دەستكەوتێكی‌ نەبووە، بەڵام یەكێك لە مامۆستاكان بە هەوالنێری كوردپا ڕایگەیاندووە كە زیاتر لە ١٠ ساڵە لەم كۆبوونەوانەدا بەشداری‌ دەكەم‌ و واز ناهێنم.

مامۆستایانی‌ سەقزی‌ چەندین ساڵە بە بەردەوامی‌ بۆ بەدیهینانی‌ سەرەتایی‌ترین مافی‌ ژیانیان كە بژێوی‌ ژیان ‌و داهاتوویەكی‌ ڕوون بە دوای‌ خانەنشین بوونیانە،‌ كۆ دەبنەوە.

بڕیارە ئەم كۆبوونەوانە بەردەوامی‌ هەبێت ‌‌و لە ماوەی‌ چەند ساڵی‌ ڕابردوودا لە هیچ شارێك نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكوو لە ئێرانیشدا وەك مامۆستایانی‌ سەقزی كۆبوونەوەی‌ ناڕەزایەتییان بۆ بەدیهێنانی‌ سەرەتاییترین مافەكانیان بەڕێوە نەبردووە. لەم پێناوەشدا زۆرێك لە مامۆستایان تووشی‌ تەنگ ‌و چەڵەمە ‌و كێشەی‌ بانگكران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەكان ‌و ئیدارەی‌ پەروەردە ‌و فێركردنەوە بوونەتەوە .

ئەم ناڕەزایەتی‌ دەربڕینە بە بەردەوامی‌ لە لایەن مامۆستایانی‌ چالاكی‌ سەقزەوە بەڕێوە دەچێت و بانگەوازێكیان‌ بۆ بانگهێشتكردنی‌ مامۆستایان بڵاو كردووەتەوە كە لەم بانگەوازەدا باس لەوە كراوە كە بە دوای ٣٠ ساڵ خزمەت بە هۆی كەمیی بوودجە تا سێ ساڵ مافی دەستخۆشانە و مووچەت نییە، مووچەت وەڵامدەری داخوازییەكانی بنەماڵەكەت نییە و ئیداراتی دیكە مافی ئەوەیان هەیە منداڵەكانیان لە شوێنی كاری باوكیان دابمەزرێنن، بەڵام منداڵی مامۆستاكان سەرەڕای ئەوەی كە خویندەواریشن و زانكۆشیان تەواو كردووە، هیچ داهاتوویەكیان نیە.

مامۆستایانی ناڕازی بە بڵاوكردنەوەی ئەم بانگەوازە، داوایان لە مامۆستایانی شارەكانی دیكەش كردووە كە بە پیر ئەم بانگەوازەوە بین و ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمە وەكوو ڕۆژێكی مێژوویی بۆ مامۆستایان و قوتابیانی ئێران ناودێر بكەن.