كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی كرێكارانی پێترۆشیمی ئیلام لە بەردەم مەجلیس

14:44 - 26 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: زیاتر لەسەد كرێكاری بێكاركراوی كارخانەی پێترۆشیمی ئیلام بە نیشتانەی ناڕەزایەتی بە دەركران و وەرنەگرتنی حەقدەستەكانیان لەبەردەم بینای مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران كۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر كرێكارانی ناڕازی كارخانەی پێترۆشیمی ئیلام لەبەردەم مەجلیس خوازیاری بەدواداچوون بەكێشەكانیان بوون و داوایان لەنوێنەرانی ئیلام كردووە بەهانایانەوە بچن.

هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی كردۆتەوە، ئەو كرێكارە دەركراوانە لەلایەن ئیدارەی كارەوە مۆڵەتی چوونەوە سەر كارەكانیان پێدراوە، بەڵام خاوەنكاری كارخانەی پێترۆشیمی ئیلام رێگرییان لێدەكات.

ئەو كارخانە ٥٠ ملیۆن تمەن پارە بە كرێكاران قەرزدارە و هەتا ئێستا خۆی لەدانی ئەو پارەیە بەكرێكاران بواردووە.

كرێكارانی كارخانەی پێترۆشیمی ماوەی سێ‌مانگە لەسەر كار دەركراون و سەرەڕای سەردانیان بۆ ئوستانداری و فەرمانداری ئیلام،هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتۆتەوە.

ئەو كرێكارانە وتوویانە، خاوەن كارەكەمان هیچ بایەخێك بە داواكارییەكانمان نادات و ٥٠ ملیۆن تمەن پارەی ئێمەی كە بە رەنجی خۆمان بەدەستمان هێناوە لای خۆی رایگرتووە.

ئەو كرێكارانە دەڵێین ئێمە بەو مەرجە ئامادەین بچینەوە سەر كارەكانمان كە لەگەڵ كۆمپانیای بەڵێندەر گرێبەستی یەك ساڵ ببەستین و ئەمنیەتی كارەكەشمان پارێزراو بێت و دواتر بیانوومان پێ‌نەگیرێ‌.

هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی كرێكارانی پێترۆشیمی ئیلام، ژمارەیەك كرێكاری بیناسازی دیكەش لە بەردەم مەجلیس لەتاران كۆببوونەوە و خوازیاری بەدواداچوون بە وێستەكانیان بوون.
\"23196.jpg\"

\"23197.jpg\"