گەڵاڵەی کۆنتڕۆڵ کردنی کافی نێتەکان شاری بۆکانیشی گرتەوە

14:19 - 23 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا خاوەن کافینێتەکانی شاری بۆکان لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی فشار بوونەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ مەئموورانی ئەمنیەتی و لیباس شەخسییەکان لە چەندین کافی‌نێتی شاری بۆکان بە بێ رەزامەندیی خاوەن کافی‌نێتەکان، کامێرای چاوەدێریان دامەزراندووە.

دەگوترێت، هێزە ئەمنییەکان بە خاوەن کافی‌نێتەکان راگەیاندووە، کە وێڕای وەرگرتنی کارتی پێناس لەو کەسانەی کە سەردانی کافی نێتەکان دەکەن، دەبێ کاتی هاتن و رۆیشتنیشیان تۆمار بکەن.

پێشتریش مەئموورانی ئەماکن لە چەندین کافی‌نێتی شارەکانی پاوە و کرماشان، بە بێ رەزامەندیی خاوەن کافی‌نێتەکان، کامێرای چاوەدێریان دامەزرابوو.

بەوتەی خاوەن کافینێتەکان، ئەو کامێرایانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاوەدێری دەکرێن و سەرجەم هاتوچۆی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت لە کافینێتەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکان لە چوارچێوەی کافینێتەکاندا سنووردار نەماوەتەوە و لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت تەنانەت لە ماڵی خۆشیاندا لەلایەن پۆلیسی \"فەتا\"وە کۆنتڕۆڵ کراون.