گەڵاڵەی سزای توندتر دژی هاووڵاتی ــ هەواڵنێر لەلایەن مەجلیسی شوڕای ئیسلامی پەسەند کرا

13:50 - 21 جۆزەردان 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردان، مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، لە ٧ خاڵدا گەڵاڵەی سزای توندتر و قورستری بۆ ئەو کەسانە کە هاوکاریی وڵاتانی دوژمن وەکوو (ئامریکا و ...) دەکەن، پەسەند کرد.

لە خاڵی یەکەمی ئەو گەڵاڵە ٧ ماددەیەدا، هاتووە: "سیخوڕی یان هاوکاریکردن بۆ وڵاتانی دوژمن بە تایبەتی ئامریکا، بە پێچەوانەی ئەمنییەتی ئێران یان بەرژەوەندیی گشتیی ئەو وڵاتە بێت، تاوانی "افساد فی‌الارضـ"ـی بۆ لەبەرچاو دەگیرێت و بەپێی ماددەی ٢٩٨ی یاسای سزای ئیسلامی، سزا دەدرێت".

لە تێبینیی ماددەی ١دا هاتووە: "هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکان و ڕێکخراوەکان کە سەر بە دەزگاکانی ئیتلاعاتی ئامریکایە، لە چەشنی تاوانەکانی ئەو ماددەیە بە هەژمارە دێت".

لە ماددەی ٧ی گەڵالەی قورسکردنی سزای هاوکاریکەرانی هەوڵەکانی وڵاتانی دوژمندا، هاتووە: "هەر جۆرە وێنەگرتن وهەڵگرتنەوەی فیلم لە شوێنی ڕووداوەکە بە شێوەی ئەنقەست یان نائەقەست، بەپێی تاوانەکان سزایان بۆ دیاری دەکرێت".

هاووڵاتی ــ هەواڵنێر بریتییە لە: هاووڵاتییەکی ئاسایی کۆمەڵگا کە لە پرۆسەی کۆکردنەوەی ڕاپۆرت، شرۆڤە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی کۆمەڵگا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە.