گەنجێکی خێزاندار بە هۆکاری ئابووری، خۆی کوشت

15:26 - 30 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: دەرنجامەکانی دۆخی نالەباری ئابووری لە شاری مەهاباد، خۆکوژی گەنجێکی ٢٥ ساڵەی بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گەنجێک لە یەكێ لە گوندەکانی سەر بە شاری مەهاباد، دەستی دایە خۆکوژیی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کە ڕۆژی ڕابردوو، ٢٩ی بەفرانبار لە گوندی \" خانەقا\" خۆی کوشتووە، \"ش.م\" ڕاگەیەندراوە.

ناوبراو بە وتەی خزمەکانی، تووشی کێشەی دابین کردنی بژیوی ژیان ببوو و وەک سەرپەرەستی بنەماڵەکەی، توانای دابین کردنی ژیانێکی شیاو بۆ هاوسەر و منداڵە ساواکەی نەبوو.

لە شاری مەهاباد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ٣٤٠٠ کەس لە ئیدارەی کار و بژیوی کۆمەڵایەتی، بۆ دەستخستنی پیشەیەک ناونووسیان کردووە.

هەر بەپێی ڕاڤەی ڕێکخراوی پزیشکیی یاسایی، بنەما و هۆکاری خۆکوژییەکان لە ئێراندا، پرسی ئابوورییە و زۆرترین ئاماری ئەو بەشەش لە کەسانی تەمەن ٢٥ تا ٤٥ ساڵ پێک‏دێت.