گەنجێکی ئازەری دۆخی نالەباری زیندانی \"دەریا\"ی ورمێ دەخاتە ڕوو

20:26 - 4 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی ئازەربایجان، دوای ئازادبوونی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، دۆخی نالەباری بەندی لاوانی ئەو زیندانەی خستووەتە ڕوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، نیما حەسەنی، چالاکی شوناسخوازی ئازەربایجانی، دوابەدوای ئازادبوونی لە زیندانی \"دەریا\"ی ورمێ، نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەو زیندانە دەربڕیوە.

ناوبراو بە ئاماژە کردن بە تێپەڕاندنی ماوەی ١ مانگ حوکمی زیندانی خۆی لە زیندانی ورمێ گوتوویە : \"لە زیندان‏دا تووشی یاو، پەستانی خوێن و ئازاری گەدە بووم و ئەو ئازارانە دوای ئازادبوونیشم زیاتر بوون\".

\"28867.jpg\"
نیما حەسەنی، چالاکی شوناسخوازی ئازەربایجانی
ماڵپەڕی \"اویان نیوز\" وتووێژێکی لەگەڵ ئەو گەنجە تەمەن ٢٢ ساڵە ئەنجام داوە. نیما دۆخی نالەباری زیندانی خستووەتە ڕوو و باسی لەوە کردووە کە لەو زیندانەدا، شێوی زیندانییەکان بەهۆی نەبوونی گاز لە نێو کاسەی ئاودەست و بە ئاگردانی ڕۆژنامە کۆنەکان گەرم کراوەتەوە.

بە وتەی ناوبراو، بۆ هەر ٣ یان ٤ کەس، یەک پەتوو دابین کراوە و نەبوونی کەرەستەی گەرم‏کەرەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە نزیکەی ٤٠%ی زیندانییەکان تووشی نەخۆشی بن.

زیندانییەکان لە حەوتوویەکدا دوو جار خۆیان دەشۆن و بە وتەی نیما، ناوبراو لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا، تەنیا یەک جار توانیویە بە ئاوی گەرم خۆی بشوات.

نیما حەسەنی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەڕای ئەوەی کە دۆخی نالەباری زیندانی لەگەڵ بەرپرسی زیندان باس کردووە، بەڵام هیچ گرینگییەکیان پێ نەداوە.

نیما حەسەنی چالاکی مەدەنیی ئازەری زمان، بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن لقی دادگای شۆڕشی ورمێ، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی حیزب و گرووپە جیایی خوازەکانی دژ بە نیزام\"، ٦ مانگ حەبسی تەعزیریی بە سەردا سەپێندرابوو.

ئەو سزایە لە لقی ١٠ی دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ یەک مانگ حەبس و بە ئەژمارکردنی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر کرابوو، کەم کرایەوە.