گەرما لەئیلام ٥٢ پلە سەرووی سفر راگەیەندراوە

15:50 - 24 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: پلەکانی گەرما لەئیلام بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو چوونە سەری بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەچەشنێک لەهیندێ لەشارەکانی ئەو ئوستانە گەرما گەیشتووەتە٥٢ پلە لەسەدی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی کەشناسی ئوستانی ئیلام رایگەیاندووە، پلەکانی گەرما لەو ئوستانە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٢ پلە چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی لێداوانی بەڕێوەبەریی گشتی کەشناسی ئوستانی ئیلام شارستانی مێهران بە ٥٢ پلە و دهلۆڕان بە ٥١ پلە گەرمترین شارەکانی ئەو ئوستانە بوون.

یووسف شێخ ملووکی باسی لەوەش کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە هەتا کۆتایی ئەم حەفتەیە پلەکانی گەرما لەهیندێ شاری ئوستانی ئیلام بەرزتر ببێتەوە.

هەر لەئوستانی ئیلام پێشبینی ئەوەش کراوە کە هەتا کۆتایی ئەم حەفتەیە شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ سەرجەم پارێزگاکە بگرێتەوە.

ئیلام کە بە بێبەریترین شوێن بە بەروارد بە ئوستانەکانی رۆژئاوای ئێران دێتە ئەژمار، ماوە بە ماوە تۆز و خۆڵ رووی تێدەکات و لەزۆربەی حاڵەتەکاندا مەودای بینین دەگاتە کەمتر لە پێنج میتر.

ئەو وردیلانەی تۆز و خۆل هاوکات بە دەیان جۆری نەخۆشی بە تایبەت شێرپەنجە بە دوای خۆیدا دێنێت و بە وتەی پزیشکەکان نەخۆشی شێرپەنجەش لەو ئوستانە بە بەراورد لەگەڵ سالانی رابردوو رووی لەزیاد بوون کردووە.