گەردەنەی تەتە پاش شەش مانگ کرایەوە

21:27 - 31 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بارینی بەفر لە گەردەنەی \"تەتە\"، هەڵکەوتوو لە نێوان شارەکانی \"پاوە، نۆدشە و سەوڵاوا\"، جادەی ئەو گەردەنەیە پاش شەش مانگ کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ملەی تەتە، پاش شەش مانگ داخراوی بە هۆی بارینی بەفرەوە، کرایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان، باسی لەوە کرد: \"پرۆژەی عەمەڵیاتیی دەستپێکی کردنەوەی ملەی تەتە، لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ هەتا ٢٩ی بانەمەڕ دەستی پێکردووە و ئەو جادەیە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان کرایەوە.\"

ملەی تەتە لە جادەی نێوان پاوە، نۆدشە و سەوڵاوا، هەڵکەوتووە و ٢١ کیلۆمیتری لە نێوان شارەکانی پاوە و سەوڵاوا هەڵکەوتووە و دوو پارێزگای کرماشان و سنە پێکەوە گرێ دەدات و ١٧ کیلۆمیتری لە پارێزگای کرماشان و ٤ کیلۆمیتری لە پارێزگای سنە، هەڵکەوتووە.

لە کۆی ئەو ٢١ کیلۆمیترە، ١٣ کیلۆمیتری، بەرزایی بەفر دەگاتە ٤ میتر و لە ١٣ کیلۆمیتر بە دواوە، بەرزایی بەفری دەگاتە ٧ میتر.

بە شێوەیەک کە \"فیرووز کەرەمی\" باسی کردووە، لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی بارینی بەفر لە ملەی تەتە، هەتاکوو ساڵی ٩٧، بێوێنە بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ ئەو جادەیە، هاتوچۆی تێدا نەکرێت.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە ماوەی دەستپێکی چالاکی بۆ کردنەوەی جادەی نێوان ئەو سێ شارە، تیمێکی ٧ کەسی کە بە ڕۆژانە ٨ کاتژمێر کاریان دەکرد و هەروەها بە ئیمکاناتی بۆڵدێزر، دەزگایەکی خۆێڕیژ، گرێدر، لۆدێرێک، هەروەها ماشینی لە جۆری سەواری، توانیویانە، ٨٠٠ هەزار میتری چوار گۆشە، بەفری ئەو جادەیە پاک بکەنەوە و ڕێگای هاتوچۆ ئازاد بکرێت.
ئەو جادەیە، هەورامانی دوو پارێزگا پێکەوە دەبەستێت و زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس، هاتوچۆیان لەوێیە.

پێشتر، گەڵاڵەی دروستکردنی تۆنێل بۆ ئەو جادە خرابووە بەر باس، بەڵام ماوەی ١٠ ساڵە ئەو گەڵاڵەیە جێبەجێ نەکراوە.