گەردشی سەرمایە لە كوردستان زۆر بە هێواشی دەسووڕێ‌

20:13 - 13 سەرماوەز 2711
كوردپا: پێدانی یارانە نەختییەكان بە خەڵكی بە تایبەت بە گوندنشینەكان هیچ دەسكەوتێكی لە راستای پەرە پێدانی وڵات لێ‌ ناكەوێتەوە.

محەممەد حوسێن ئەدیب وێڕای بە هەڵە لە قەڵەم دانی ئەو شێوازە یارانە پێدانە، وتی: دەبێ دەوڵەت بە مەبەستی بەهێز كردنی بەشی رەنیوهێنان (تولید) پلان و بەرنامەی وردی هەبێت.

ئەندامی لێژنەی زانستیی زانكۆی ئیسفەهان وتیشی، لە وڵاتی ئێراندا بە پێچەوانەی وڵاتانی دیكە ژمارەیەكی زۆر شاری گەورە بوونی هەیە و ئەگەر بێت و كونترۆڵی باش نەكرێ‌ لە داهاتوودا لەگەڵ كێشە بەرەڕوو دەبینەوە.

ئەدیب لەو باوەڕە دایە، لە حاڵی حازردا دانیشتوانی گوندەكان بەرەو شارەكان كۆچ دەكەن و ئەگەر دەوڵەت بەرنامەیەكی ورد و جیدیی بۆ دانیشتوانی گوندەكان نەبێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشێكی زۆر لە گوندەكان چۆڵ دەكرێن.

محەممەد حوسێن ئەدیب لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی میهر ئاشكرای كرد، زۆر كەس لەو باوەڕە دان كە هۆكاری پەرە نەگرتنی كوردستان لە كەمیی بودجە دایە، بەڵام ئەمە لە حاڵێك دایە كە كێشەی سەرەكیی كوردستان نەبوونی گەردشی سەرمایەیە.

ئەو لێپرسراوە وتیشی، دەوڵەت دەبێ بایەخی زیاتر بە باری كشتوكاڵی كوردستان بدات، چونكە كوردستان لە هێندێ‌ بەرهەمی كشتوكاڵیدا پلەی یەكەمی وڵاتی ئێرانی هەیە.