گێرەو کێشەی پێکهاتنی ئوستانی \"کوردستانی باکوور\"+وتوێژ

20:47 - 16 بەفرانبار 2713

 

ئاژانسی کوردپا: داواکاری بۆ پێکهێنانی ئوستانی \"کوردستانی باکوور\" پەرچەکرداری کوردەکان و غەیرە کوردەکانی لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی ئیسلامیی ئێران لەمیانەی قسەکانیدا لە کۆبوونەوەی ئاشکرای رۆژی رابردووی مەجلیس بە پشت بەستن بە حەشیمەتی یەسکان، داوای کرد کە ئوستانی کوردستانی باکوور پێک بێت.

ئەو ئاخاوتنەی عوسمان ئەحمەدی دوابەدوای ئەوە دێت کە وەزیری ناوخۆی ئێران لە دیمانەیەکدا باسی لەوە کردبوو کە پێویستە ١٠ ئوستانی دیکە بە ئوستانەکانی دیکەی ئێران زیاد بکرێت، کە ئەو دیمانەیە پەرچەکرداری نوێنەرانی دیکەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوای لێکەوتەوە و ئەو شێوە ئاخاوتنەیان بە پڕوپاگەندە وەسف کرد.

ئەمە یەکەمجار نییە کە داوا دەکرێت ئوستانێک پێک بێت و ناوەندی ئەو ئوستانە شاری مەهاباد بیت، بەڵکوو پێشتریش بەهۆکاری سیاسی، جوغرافیایی و فەرهەنگیی شاری مەهابادیتش، پێشنیاری ئەوە کرابوو ئوستانێک پێک بێت، کە لە شارەکانی ناوچەی موکریان لەخۆ بگرێت.

\"17715.jpg\"

 

بێهزاد خۆشحاڵی : پێکهێنانی ئوستانی کوردستانی باکوور لە ناوەرۆکدا شتێکی رەوایە

بێهزاد خۆشحاڵی، نوسەر، پێکهێنانی ئوستانی کوردستان بەشتێکی رەواو بەرهەق دەزانێت و پێیوایە : پێویستە سەرجەم رەهەندەکانی ئەم بابەتە روون بکرێنەوە هەتا پاشهات و ئەنجامەکانی بەراورد بکرێن، بەڵام بەهۆی ئاسمیلەبوونی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەتایبەت شارەکانی سەڵماس، خۆی، ورمێ و نەغەدە لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا، روانگەیەکی سیاسی و ئەمنیەتی باڵی بەسەر ئەو ئوستانەدا کێشاوە.

نادر قازی‌پوور، نوێنەری شاری ورمێ، بە رەتکردنەوەی داواکاریی عوسمان ئەحمەدی رایگەیاندبوو؛ کە \"ململانەی مەهابادی و بۆکانییەکان\" بۆتە هۆی خستنەڕووی وەها داواکارییەک و شێرە پیاوانی سایین قەڵا، تیکابی و میاندواوی ئیزنی جێبەجێ کردنی \"وتە نەشیاوەکان\"ی نوێنەری شاری مەهاباد نادەن.

مەبەستی ناوبراو لە ئاماژە بە ئەو سێ شارە کە حەشیمەتەکەی لە دوو نەتەوەی کورد و تورک پێکهاووە بووە، کە لە ناوچەی موکریان جێان گرتووە و \"ئازەر\"ـەکان بە ناوی \"ئازەری\"یان لە سەریان داناوە.

\"17714.jpg\"

سلێمان چووکەڵی: پێکژهاتنی ئوستانی کوردستانی باکوور بە توندی رەت دەکەمەوە

ئەو نووسەرە، کە کتێب و نەخشەیەکیشی لە بارەی ئوستانی ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوا) بڵاوکردبووە، لە وتوێژێکی کورتدا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا پێکهێنانی ئوستانی کوردستانی باکووری، کە ناوچەی موکریان لەخۆ دەگرێت، بە توندی رەت کردەوە و ئەو پرۆژەیەی بە پیلانێکی مەترسیداریش لە قەڵەم دا.
چووکەڵی رایگەیاند کە ئەم ئوستانە دەبێت شارەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێستا وەکوو ئورمیە، خوی، ماکو و سەڵماس لە خۆ بگرێت و ناو نانی ئوستانێک بە ناوەوە لە بنەڕەتدا شتێکی هەڵە و بێ بنەمایە.

خۆشحاڵی لە بەشیکی دیکە لەو وتوێژەدا لەگەڵ سلێمان چووکەڵی هاوڕایە پێکهێنانی وەها ئوستانێکی بەبێ ئەوەی شارەکانی ورمێ، سەڵماس، ماکۆ و خۆی و .. لە خۆ بگرێت، سەرناگرێت.

\"17717.jpg\"

عوسمان ئەحمەدی، نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیس داوای پێکهاتنی ئوستانی کوردستانی باکووری کردووە

عوسمان ئەحمەدی لە حاڵێکدا گەڵاڵەی دروستبوونی ئوستانی کوردستانی باکووری خستووەتەروو، کە شوورای شاری مەهاباد ٥ داخوازییان پێشکەشی نوێنەری ئەو شارە کردووە، کە لە هیچکامیاندا باسی پێکهێنانی ئوستان نەکراوە و تەنیا خوازیاری پێراگەیشتن و خستنەرووی خزمەتگوزاری و تەندرووستی بە هاولاتیان و لابردنی کێشەو گرفتەکانی بێکاری بوون.

ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کە کوردەکان بە ئوستانی ئورمیە ناوی دەبەن بە حەشیمەتێکی زیاتر لە ٣ میلیۆن کەس، هەشتەمین ئوستانی پڕ حەشیمەتی ئێران بە ئەژمار دێت کە پێکهاتەی حەشیمەتییەکەی بریتییە لە نەتەوەکانی کورد، ئازەری، ئاشووری و ئەرمەنی.

بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە ٦٥%ی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هاووڵاتییانی کورد پێکی دینن.

لە مانگەکانی دوای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی، شەش نوێنەری کوردی ئازەربایجانی رۆژئاوا خوازیاری دیاریکردنی ئوستاندارێکی کورد بۆ ورمێ بوون، کە بە دانانی ئوستاندارێکی ئازەری، لە کردەوەدا خواستی ٣٥ ساڵەی کوردەکان سەری نەگرت.