گیلانغەرب/بۆ دەربازبوون لەکێشەی بێکاری، خاڵی سنووریی سۆمار بۆ کۆڵبەری تەرخان دەکرێت

21:51 - 9 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەکاتێکدا بازاڕچەی سنووریی سۆمار کە بەشێوەی فەرمی لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ کاری کۆڵبەری دەکرێتەوە، کە تەنیا لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٤٤ کۆڵبەری کورد لەخاڵە سنوورییەکان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کوژراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شێ‌شەممە فەرمانداری شاری گیلان‌غەرب رایگەیاندووە بازاڕچەی سنووریی سۆمار بە مەبەستی کاری کۆڵبەری و ئاڵووێری بازرگانی دەکرێتەوە.

فەرامەرز ئەکبەری فەرمانداری شاری گیلانغەرب لەئوستانی کرماشان رایگەیاندووە؛ لەماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا کۆڵبەری لەبازاڕچەی سنووریی سۆمار دەست پێ‌دەکات.

کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوو فەرمانداری گیلانغەرب لەلێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی تەسنیم، کردنەوەی خاڵی سنووریی سۆماری لەراستای سیاسەتەکانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید بۆ چارەسەر کردنی کێشەی بێکاری لەو شارە و لە قەڵەم دابوو.

ئەو وتانەی فەرمانداری شاری گیلانغەرب لەکاتێکدایە، کە نرخی بێکاری لە  لە ساڵی ٩٢ی هەتاویدا لە ئوستانی کرماشان ١٤،٦% بووە، کە ئەو رێژەیە لە زستانی ئەو ساڵەدا بۆ ٢٠،٧% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوییەوە، دەستیان بە جێبەجێ کردنی گەلاڵەیەک لەژێر ناوی \"پێشگیری لە هاتنی کاڵای تیرۆریستی و کاڵای قاچاخ بۆ ئێران\" کرد، کەلە درێژەی جێبەجێ کردنی ئەو گەلالەیەدا و بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ١٤ مانگدا (لە سەرەتای خاکەلێوەی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە هەتا سەرەتای مانگی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی) ١٨٢ کۆڵبەر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کوژراوون.