گیانی چالاکێکی کرێکاریی کورد لە مەترسیدایە

15:08 - 8 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج بەئاشکرا پاڵپشتی لە کوشتنی بێهنام ئیبراهیم‌زاده دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گیانی چالاکی کرێکاری بێهنام ئیبراهیم‌زاده کە لە ژووری ژمارە ٣٥ی بەندی دەیەمی گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج ڕاگیراوە لەبەردەم مەترسیدایە.

ناوبراو کە تۆمەتی ناردنی هەواڵەکانی نێو زیندانی بۆ دەرەوە وەئەستۆ نەگرتبوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڕیاری بەڕێوەبەری نێوخۆیی گرتووخانە بردراوەتە ژوورێکەوە کە کەسانی مەحکووم بە قەساسی تێدا ڕاگیراوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە؛ بێهنام ڕۆژی سێ‌شەممە لەکاتی وەرگرتنی ئاماری سەرلەبەیانی لەلایەن ئەفسەر نیگابانەوە بە شێوەی ئاشکرا هەڕەشەی لێدان و کوشتنی بەئەنقەستی لێکراوە.

\"\"
بێهنام ئیبراهیم‌زاده
بەرپرسی ژووری ژمارە ٣٥ی بەندی دەیەم، بەتایبەتی \"دوو شەڕانی و بکوژ\"ـی گرتووخانەی بۆ کوشتنی بێهنام ئیبراهیم‌زاده هەڵخراندووە و وتوویەتی؛ \"ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوا لە ڕاپۆرتی قەتڵی ئەودا وا دەنووسرێ کە گۆیا خۆی لە خۆی داوە.\"

دۆخی ئاوارتەی ئەو چالاکە کرێکاری و مافی منداڵانە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە یەکشەممەی ڕابردووەوە دەستی داوەتە مانگرتن و خوازیاری گەڕانەوە بۆ بەندی ٢ـە.
بێهنام ئیبراهیم‌زاده، ئەندامی کۆمیتەی بەدواداچوونی پێکهێنانی ڕێکخستنی ئازادی کرێکاری، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ هەتاوی لە شاری شنۆیە.

ناوبراو یەکەمجار ساڵی ٨٧ و دووهەمجار ساڵی ٨٨ و بۆ سێهەمجار ساڵی ٨٩ دەستبەسەر کراوە.