گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانان، "فواد قەدیمی" خەڵکی دیواندەرە گیانی لەدەست دا

13:27 - 30 خەرمانان 2722

پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بە قەتڵی حکوومەتی "ژینا ئەمینی"، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە شاری دیواندەرە، "فواد قەدیمی" کوڕی "عەبدوڵڵا" لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، بە سەختی پێکرا و پاش سێ ڕۆژ، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە، گیانی لەدەست دا.

بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە هەتا ئیستا، ژمارەی کوژراوەکان لە شارەکانی کوردستان، گەیشتووەتە ٦ کەس.

ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانانی ١٤٠١؛

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - موحسین محەممەدی، کوڕی خەلیفە مەسعوود لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دیواندەرە. بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە گیانی لەدەست دا، جەنازەی ئەو هاووڵاتییە کاتژمێر ٣ی بەیانی ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان، بەبێ هیچ ڕێورەسمێک، بەهۆی ڕێگری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - ڕەزا لوتفی لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دێولان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ -  فەرەیدوون مەحموودی، خەڵکی شاری سەقز، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە گیانی لەدەست دا و شەوانە بەبێ بەڕێوەبردنی هیچ جۆرە ڕێورەسمێک، بەهۆی ڕێگری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ - فەرجاد دەرویشی تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی یوونس خەڵکی گوندی "بالوو"ی ورمێ، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ - زەکەریا خەیاڵ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.