گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١/ پەیمان مینبەری لە سنە گیانی لەدەست دا

10:48 - 17 رەزبەر 2722

رۆژی هەینی ١٥ی ڕەزبەر، لاوێکی کورد بە ناوی "پەیمان مینبەری" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەیووب و ساحێبە خەڵکی گوندی "نییەر" و دانیشتووی شاری سنە، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارە، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی  سنە، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان، کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: تەرمی ئەو  لاوە بە شەو و بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و هەبوونی هێزە ئەمنییەکان لە "بەهەشت محەممەدی"ی سنە بە خاک سپێردراوە. 

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ۱٦ی ڕەزبەر، لاوێکی سنەیی بە ناوی "داریووش عەلیزادە" لە ماشینەکەی خۆیدا (لە جۆری پراید)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە سنە، کوژرابوو.