گیانلەدەستدانی چوارەمین کۆڵبەری کورد لەم ساڵدا به هۆی سەرما بردووییەوە

20:04 - 24 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس به هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری ئەم شارەدا گیانی لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \" ئەیووب ئەمینی\"، کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی \" دەشوان\" سەر بە شاری سەڵماس، به هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لە دەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا به هۆی زۆربوونی سەرما لە بەرزاییەکانی سنووری سەڵماس تووشی سەرمابردوویی بووە و گیانی لە دەست داوە.

ئەمە چوارەمین کۆڵبەری کوردە که به هۆی سەرمابردووییەوە لە بەرزاییە سنوورییەکانی کوردستان گیانی خۆی لە دەست داوە.

ئەیووب ئەمینی، خێزاندار بووە و منداڵیشی هەبووە.

بە دەستپێکردنی وەرزی سەرما و بارینی بەفر، سێ کۆڵبەری دیکه به ناوەکانی \" یووسف(زانیار) محەممەدی ئەسڵ\" خەڵکی پیرانشار، \"زانیار عەزیززاده\" کوڕی سلێمان خەڵکی پیرانشار و \"موزەفەر حوسێنی\" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی \"گێسیان\" سەر به ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە کاتی کۆڵبەریدا به هۆی سەرمای زۆرەوە، گیانی خۆیان لە دەست داوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی کوردی دیکه به ناوی \"جەواد گوڵابی\" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی \" ملونه\" سەر به ناوچەی سومای برادوستی ورمێ لە ئاکامی هاتنی ڕنوودا گیانی خۆی لە دەست داوە.