گیانلەدەستدانی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانان؛ دانش ڕەهنما لە ورمێ گیانی لەدەست دا

11:13 - 31 خەرمانان 2722

پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لە شاری ورمێ، دانش ڕەهنما خەڵکی گوندی "بالوو"ی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە هەتا ئێستا، ژمارەی کوژراوەکان لە شارەکانی کوردستان، گەیشتووەتە ١٠ کەس.

ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانانی ١٤٠١

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ - مۆحسێن محەممەدی کوڕی خەلیفە مەسعوود، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دیواندەرە، بە هۆی قورسیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست داوە و جەنازەی ئەو هاووڵاتییە کاتژمێر ٣ی شەی ٢٩ی خەرمانان، بەهۆی ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - ڕەزا لوتفی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دێولان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ -  فەرەیدوون مەحموودی، خەڵکی شاری سەقز، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە گیانی لەدەست دا و شەوانە بە بێ بەڕێوەبردنی هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک، بەهۆی ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بە قەتڵی حکوومەتی "ژینا ئەمینی"، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە شاری دیواندەرە، "فواد قەدیمی" کوڕی "عەبدوڵڵا" لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، بە سەختی پێکرا و پاش سێ ڕۆژ، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە، گیانی لەدەست دا.

ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ - فەرجاد دەرویشی تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی یوونس خەڵکی گوندی "بالوو"ی ورمێ، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ - زەکەریا خەیاڵ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١- مینوو مەجیدی خەڵکی شاری قەسری‌شیرین، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە کرماشان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١- سەدرەدین لیتانی، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شاری شنۆ، بە گوللـەی کڵاشینکۆف کوژرا.

ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١- لە شاری شنۆ، ئەمین مەعرەفەت تەمەن ١٦ ساڵ کوڕی ئەبووبەکر، بە تەقەی گولـلەی کڵاشینکۆف، کوژرا.