گیانلەدەستدانی ناڕازییانی خەرمانان؛ "فەرجاد دەروێشی" بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا

12:31 - 30 خەرمانان 2722

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، بە ناوی "فەرجاد دەروێشی" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی یوونس خەڵکی گوندی "بالوو"ی ورمێ، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، لە شارەکی "وەلی‌عەسر"ی ورمێ، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاووڵاتییانی ورمێ لە شارەکەکانی "وەلی‌عەسر"، "ئیسلامئاوا" و "شومالی" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەیان لەمەڕ کوژرانی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، بەڕێوە بردبوو.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لەلایەن گاردی دژەشۆڕش و هێزە ئەمنییەتییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و ئەو هێزانە دەستیان بە تەقەکردن لە هاووڵاتییان، کردبوو.

ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانانی ١٤٠١؛

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١- موحسێن محەممەدی، کوڕی خەلیفە مەسعوود لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دیواندەرە. بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا، جەنازەی ئەو هاووڵاتییە کاتژمێر ٣ی بەیانی ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان، بە بێ هیچ ڕێوڕەسمێک، بەهۆی ڕێگری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی – ١٤٠١ - ڕەزا لوتفی لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دێولان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - فەرەیدوون مەحموودی، خەڵکی شاری سەقز، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە گیانی لەدەست دا و شەوانە بەبێ بەڕێوەبردنی هیچ جۆرە ڕێورەسمێک، بەهۆی ڕێگری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.