گیانلەدەستدانی ناڕازییانی خەرمانان؛ "زەکەریا خەیاڵ" مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ لە پیرانشار گیانی لەدەست دا

13:20 - 30 خەرمانان 2722

پاش ناڕەزایەتییەکان بە قەتڵی حکوومەتی "ژینا ئەمینی" ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان، لە شاری پیرانشار، "زەکەریا خەیاڵ"، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.

بە هەژمارکردنی کوژرانی ئەم مێرمنداڵە، هەتا ئێستا ئاماری کوژراوەکان لە شارەکانی کوردستان، گەیشتووەتە ٥ کەس.

ئاماری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەرمانانی ١٤٠١؛

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - موحسین محەممەدی، کوڕی خەلیفە مەسعوود لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دیواندەرە. بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "سنە" گیانی لەدەست دا، جەنازەی ئەو هاووڵاتییە کاتژمێر ٣ی بەیانی ڕۆژی ٣٩ی خەرمانان، بەبێ هیچ ڕێوڕەسمێک، بەهۆی ڕێگری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - ڕەزا لوتفی لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری دێولان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ - فەرەیدوون مەحموودی، خەڵکی شاری سەقز، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە گیانی لەدەست دا و شەوانە بەبێ بەڕێوەبردنی هیچ جۆرە ڕێورەسمێک، بەهۆی ڕێگری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ - فەرجاد دەروێشی تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی یوونس خەڵکی گوندی "بالوو"ی ورمێ، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.