گیانلەدەستدانی خۆپێشاندەران/ منداڵێک لە ورمێ گیانی لەدەست دا

14:46 - 14 رەزبەر 2722

ڕۆژی سێشەممە ۱٢ی ڕەزبەر، منداڵێک بە ناوی "نیما شەفەق‌دووست"، کوڕی بێهرووز، تەمەن ۱٦ ساڵ، خەڵکی گوندی "زندەشت" سەر بە سەڵماس و دانیشتووی گەڕەکی "کوشتارگا"ی ورمێ کە لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکاندا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە توندی بریندار ببوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو منداڵە لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی گەڕەکی کوشتارگای ورمێ بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان بە توندی بریندار بووە و لە ترسی دەسبەسەربوونی لە ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی خۆی بواردبوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ئەو منداڵە لە ژێرزەویی ماڵەکەیان دەرمان دەکرا و پاش خراپبوونی بواری تەندرۆستی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی نیما شەفەق‌‌دووست کردووە کە لە وتووێژکردن لە گەڵ میدیاکان خۆیان ببوێرن.