گیانلەدەستدان و برینداربوونی سێ کرێکار لە شارەکانی سەوڵاوا، مەهاباد و سەردەشت

12:44 - 27 جۆزەردان 2720

لە چەند ڕۆژی ڕابروودا، کرێکارێکی کورد بە ناوی "عەباس خوزەم"، خەڵکی گوندی "دەل" سەر بە شاری سەوڵاوا، بەهۆی تەزەووی کارەبا لە کاتی کارکردندا، گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، پێش لە گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، کرێکارێکی مەهابادی بە ناوی "ناسر.ک" خەڵکی گوندی "وسوکەند"ی شاری مەهاباد" لە کاتی کارکردندا بەهۆی بەربوونەوە لە بینایەکی سێ نهۆمی گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، لە کاتی گوازتنەوەی کەرەستەی بیناسازی، بەهۆی هەڵکەندنی پایەی باڵابەرەکە، لەگەڵ باڵابەرەکە بەربووەتەوە و گیانی لەدەست دابوو.

لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، کرێکارێکی لاو بە ناوی "س.ئەلف" تەمەن ٢٦ ساڵ، لە کاتی کارکردندا تووشی کارەباگرتوویی بوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەردەشت کرابوو.