کۆتۆل؛ ڕەسووڵ قەلەندەری، کۆڵبەری ۲۱ ساڵان، سەرەتا بریندار کرا و دواتر بە تیری خەلاس کوژرا
یەکی گەلاوێژی ۱٤۰۵؛ ڕۆژی ڕابردوو لاوە کۆڵبەرێکی ۲۱ ساڵە بە ناوەی «ڕەسووڵ قەلەندەری»، باوکی دوو منداڵی ساوا، بە تەقەی فیشەکی هێزە سەربازییەکانی هەنگی سنووری سەرەتا بریندار کرا و دواتر بە تەقانددنی دوو تیری خەلاس لە سەری کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «ڕەسووڵ قەلەندەری»، کۆڵبەری ۲۱ ساڵان، ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۱٤۰۵ لە بەرزاییە سنوورییەکانی کۆتۆلی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ، لە کاتێکدا کە تەنیا بووە، کەوتووەتە بەر تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزەکانی هەنگی سنووری و قاچی بریندار بووە. دواتر هێزەکانی هەنگی سنووری دەچنە سەر سەری و لە کاتێکدا پێی وتبوون و پاڕابووەوە کە نەیکوژن و دوو منداڵی ساوای هەیە، بە تەقاندنی دوو تیری خەلاس لە سەری گیانی لێ دەستێنن.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای ئەوە هێزەکانی هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و داوایان لێ کردوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان سەردانیان بکەن. تەرمی ئەم کۆڵبەرە لاوە تا ئێستا لە پزیشکی دادوەریی خۆی ڕاگیراوە و بڕیارە لە ئاوایی زێدی خۆی بنێژرێت.
ڕەسووڵ قەلەندەری، ۲۱ ساڵە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی ساوا، کچێکی ۶ مانگە و کوڕێکی یەک ساڵە بوو.
نوێکردنەوەی شەوی پێنجشەممە ۱ی گەلاوێژی ۱٤۰۵ سەعات ۱۰ی شەو؛
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی؛ تەرمی ڕەسووڵ قەلەندەری ڕۆژی شەممە ۳ی گەلاوێژی ۱٤۰۵ دەدرێتەوە بە بنەماڵەکەی، چونکە تا ئەو کاتە ئیدارە حکومییەکان داخراون.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت؛ ژیانی ڕەسووڵ سەرانسەر سەختی و ڕەنج بووە، ئەو تا سێهەمی سەرەتایی خوێندوویەتی و دوای ئەوە وازی لە خوێندن هێناوە و ڕووی لە کرێکاری کردووە. ئەو لە منداڵییەوە بێ باوک و دایک گەورە بووە، باوکی بەهۆی تووشبوون بە خووگری بنەماڵەی جێهێشتووە و دایکی کاتێک ڕەسووڵ تەمەنی ۸ ساڵان بووە بەهۆی خۆسووتاندنەوە گیانی لەدەست داوە. ئەو دوای ساڵانێک کرێکاری و کۆڵبەری و ڕەنج و سەختی توانیبووی لە ئاوایی « بلجوک» ماڵێک بۆ بنەماڵەکەی دروست بکات. ئەو چوار خوشکی هەیە کە دووانیان هاوسەرگیرییان کردووە و دووانی دیکەیان کە تەمەنیان کەمه لەژێر سەرپەرستیی ڕەسووڵدا بوون لە کاتێکدا نەخۆشی شەکرەشیان هەیە. هەروەها خۆشی خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵی ساوا بووە، کچێکی ۶ مانگە و کوڕێکی یەک ساڵە.