گیانلەدەستانی ناڕازییانی ۱٤۰۱ / منداڵێکی تەمەن ۱٥ ساڵ لە کرماشان گیانی لەدست دا

11:10 - 11 رەزبەر 2722

شەوی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانان، منداڵێک بە ناوی "ئەمیرحوسێن بەساتی"، تەمەن ۱٥ ساڵ لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان لە کرماشان گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو منداڵە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕەزبەر پاش وەرگرتنی بەڵێننامە بە نووسراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و لە گۆڕستانی گوندی "دارخۆری حەسەناوا" سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری شاباد ئەسپەردەی خاک کرا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: بنەماڵەی بەساتی چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانیان کردبوو، بەڵام وڵامێکیان وەرنەگرتبوو تا لە ئاکامدا ئەو ناوەندانە بە بنەماڵەی بەساتی تەلەفۆنیان کردووە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی ئەمیرحوسێن سەردانی نەخۆشخانەی تالقانی بکەن.

ئەمیرحوسێن بەساتی شەوی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانان لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە شەقامی مودەڕەسی کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان گولـلە بەر سینگی کەوتبوو و گیانی لەدەست دا.