گیانلەدەست دانی سێ هاووڵاتیی کامیارانی بەهۆی گازگرتوویی و راوەدوونانی هێزە نیزامییەکان

20:00 - 17 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: دو کرێکاری کوردی خەلکی کامیاران بەهۆی گازگرتوویی و هەروەها هاووڵاتییەکی خەلکی ئەو شارەش بەهۆی راوەدوونانی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی دەرەویان سەرووی سەربە شاری کامیاران، کە لە شاری شیراز سەرقاڵی کرێکاری بوون، لە ئەنجامی گازگرتووییدا گیانیان لەدەست دا.

شوناسی ئەو دوو کرێکارە کوردە ئەڵماس رەحیم پوور تەمەن ٤٥ ساڵ و رەمەزان رەحیم‌پوور تەمەن ٥٠ ساڵ، کە بە مەبەستی کاسبی کردن و دابین کردنی بژیویی ژیان روویان لە شیراز کردبوو، بەهۆی گازگرتووییەوە گیاناین لەدەست داوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کەسە لە نێو ماشێنی سایپای خۆیاندا \"پیکنیکی گاز\"یان هەڵکردووەو و بەو هۆیەوە تووشی گازگرتوویی بوون و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانبار ٢ کرێکاری کوردی خەڵکی قوروە، کە لە مەیدانی تەڕەباری (میدان معلم – یافت آباد)ی تاران، سەرقاڵی کرێکاری بوون، لە رووداوێکی تەقینەوەی کەپسوولی گازدا گیانیان لەدەست دا.

هەروەها دوانیوەڕۆی راژی رابردوو هاووڵااتییەکی خەڵکی گوندی تیلەکۆی سەربە شاری کامیاران و دانیشتوی کامیاران، بەهۆی راوەدوونانی هێزە ئینتزامییەکانەوە ماشینەکەی وەرگەڕابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ناوی فەرشاد رازیانی بووە، کە لە رێگەی ساوە بەرەو تاران ماشێنەکەی لە رێگە هەڵدێراوەو بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.