گیانلەبەر و ئاژەڵەکێوییەکان جارێکی دیکە لەگەڵ سروشت ئاشت بوونەوە

14:58 - 19 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە گەڵ هاتنی ساڵی نوێی کوردی و نوێ‌بوونەوە و بووژانەوەی خاک، گیانلەبەرە ڕاوکراوەکان لە شاری بۆکان جارێکی دیکە گەڕانەوە باوەشی سروشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٨ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە ڕاوچییەکانی شاری بۆکان لە بناری کێوی\"بەردە زەرد\" زیاتر لە ١٠٠ کەوی ڕاوکراویان ئازاد کرد.

ئەو هەوڵەی ژینگە دۆستان لە سەر گڵگۆی\"موقبیل هونەر پەژوە\" شاخەوانی کۆچکردووی شاری بۆکان بەڕێوەچوو.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ ژمارەی ڕاوچییەکان ٢٥ کەس بوون و بەڵێنیان داوە چیدیکە واز لە ڕاوکردنی پەلەوەرە کێوییەکان بهێنن.

ئەو هەوڵە بە هیمەتی ژینگەپارێزانی شاری بۆکان بووە و ڕاوچییەکانیش بە بە سووتاندنی قەفەسەکانیان دەستیان لە ڕاوکردن هەڵگرت.

ماوەی چەند ساڵێکە ڕاوچییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەستیان کردووە بە ئازاد کردنی باڵندەکان و شکاندنی قەفەسەکانیان و ئەم کارەش بووەتە مایەی خۆشحاڵیی ژینگەپارێزان و ژینگە دۆستان.