گیان لەدەستدانی ٩٤ کەسی لە کرماشان بەهۆی ماددەی هۆشبەر

15:03 - 10 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: رێژەی مردنی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێراندا رووی لە زیادبوون کردووەو لەگەڵ ئەوەشدا تەمەنی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەریش بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهۆی ئاسەواری بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئوستانی کرماشان، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەەی ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر، ٩٤ کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسی شۆرای هاوئاهەنگیی بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئوستانی کرماشان، رایگەیاندووە؛ لە ماوەی ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە وڵاتی ئێران ١٧٦٢ کەس بەهۆی ئاسەواری نەرێنیی ماددە هٶشبەرەکانەوە گیانیان لەدەست داوە، کە ٩٤ کەسیان لە ئوستانی کرماشاندا بوون.

عەلی شمشێری باسی لەوەش کردبوو، بە پێی ئامارەکان، پاش رووداوی هاتوچۆ لە وڵاتی ئێراندا، ئاسەواری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دووەمین هۆکاری مردن لە وڵاتدایە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەیەکی روونی بەوە کردبوو، کە ئەو تریاکەی ئێستا، پیسایی ئاژەڵ و ئینسان، جەرگی مریشک، سووتووی نان، چەرمی دەستکرد و چەندین شتی دیکەیان تێکەڵ کراونو زۆر لە جەوهەری خوێ مەترسیئدارترە.

لەلایەکی دیکەوە فەرمانداری شاری دیزفوڵ لە ئوستانی خوزستان راگەیاندبوو، \" لە ئیستادا ماددەی هٶشبەر لە سەوزی خواردن هەرزانترە\" و زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێ.

هاوکات حەبیبوڵڵا ئاسفی لە دانیشتنی شۆرای بەنگاربوونەوە ماددە هۆشبەرەکان لە شارستانی دیزفول رایەگایندبوو؛ بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر بەهۆی هەرزان بوونەیەوە بۆتە \"هەڕەشەیەکی دژە ئەمنیەتی\"، لە کاتێکدا چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات گەورەترین رۆڵیان لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتی ئێراندایە\".

بەگوتەی چالاکان و خەڵکی ناوچەی سەردەشت، سوپای پاسداران لە دەوروبەری ئەو شارە ٣٠٠ بنکەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری شیشەی کردۆتەوەو کە بە گوتەی ئەو چالاکانە، ئەندامانیس وپای پاسداران ماددەی بەرهەمهاتووی شیشەی کارگەکانی دەوروبەری سەردەشت، رەوانەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەن.